بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگە: پارتی كۆمپیوتەرەكانی بلۆك كردووە


بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت "پارتی كۆمپیوتەرەكانی بلۆك كردووە و كێشەكانیش لە تەقینەوە نزیكن".

بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاندووە "ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە گەشتونەتە قۆناغی لێكترازان و ئەوەی دۆخەكەی هێشتووەتەوە تەنیا بڕیارێكی سیاسیە". 

ئەو بەرپرسە باڵایە كە لە پشكی یەكێتییە وتویەتی "ئێستا بەشێكی زۆر لە كۆمپیوتەرەكانی ناو وەزارەت لەلایەن بەرپرسانی پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە هاككراون و لە ژێر دەسەڵاتی یەكێتی هێندراونەتە دەرەوە، ئەمە جگە لەوەی پارتی بە چەند كارمەندێكی بەشی وەرگرتنی موچەی لە پشكی یەكێتی گوتووە جارێ ئیش مەكەن".

دەنگی ئەمەریكا لەسەر ئەم بابەتە پەیوەندی بە لیوا عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەیەكی باڵای پارتی كردووە و لیوا عوسمان ڕایگەیاندووە "وەك پارتی سەرجەم ئەو قسانە ڕەت دەكەینەوە".

بەڵام لیوا ڕوكن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە كە لە پشكی یەكێتییە، تەواوی زانیارییەكانی پشتڕاستكردۆتەوە و رایگەیاندووە "داوا لە سەرجەم لایەنە پەیونەدیدارە حكومی و حزبییەكان دەكەم بێنە سەر خەت بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشیە و یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن واژوو بكرێت، چونكە پێشمەرگە سمبولی گەلی كوردستانە."

سەرچاوەكە روونیكردۆتەوە "كێشەكان دوای فەرمانێكی بریكاری وەزارەت دەستیپێكرد، لە مانگی یازدەی 2023. بڕیارەكە سەبارەت بە دابەشكردنی میلاكاتی وەزارەتی پێشمەرگەیە بە 57 بە 43. دوای ئەوە لە بەشی مووچە، كە تێكەڵە لە ئەفسەرانی یەكێتی و پارتی، پارتیەكان هاتن ئەندازیاریكی ئای تیمان هەیە ئەویان بلۆك كرد و كومپیوتەریان بلۆك كرد. چوون كۆمپانیایەكی مەدەنی هی كەسێكە هیناویانە و لە ڕێگەی ئەوەوە ئەو كارەیان كرد. ئەفسەرەكان كە ئیشی مووچە و ئەو شتانە دەكەن، موچەی وەحدە و لیواكان، لە تیمی یەكێتین هەموو كومپیوتەرەكانیان بلۆك كرد و كومپیوتەرەكان پاسۆردی خۆمانی لەسەربوو شكاندیان، هەستان داخلی كومپیوتەرەكان بوون، بۆیە دۆخەكە لە تەقینەوە نزیكە".

هەروەها وتویەتی "ڕۆژی دواتر پێیانوتین، ئەم فەرمانە دەبێت جێبەجێ بكەین و لە قوەتی ئێمە نییە و فشاری حزبە تاسیری لێكردووین، ئەمریان پێكردووین دەبێت فەرمانی 57 بە 43 جێبەجێ بكەین."



PM:11:14:07/08/2023