سەندیکای پزیشکانی عێراق، فەرمانێکی سەندیکایی بە ناوی سەرۆکی سەندیکاکەوە دەرکردووە و سێ فەرمانی بۆ هەموو لق و دامەزراوەکانی سەر بە سەندیکاکەی دەرکردووە، یەکەمیان تایبەتە بە قەدەغەکردنی بەکارهێنانی چەمکی جۆری کۆمەڵایەتی (النوع الاجتماعی: جێندەر)، دووەمیان بڵاوکردنەوەی پۆستەر و سپۆتی مێدیایی بۆ پشتگیرییکردنی خێزان و سێیەمیش بەکارهێنانی وشەی ڕەگەز (Sex) لە بری جێندەر (Gender).
ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ئابی ٢٠٢٣، لە نووسراوکەدا کە بە ناوی د. عەقیل شاکر مەحموود، نەقیبی سەندیکاکەوە واژۆ کراوە؛ هاتووە: "پشتبەست بە ڕەزامەندی ئەنجوومەنی سەندیکا کە لە کۆبوونەوەی ژمارە (١٩)ـی ڕۆژی (٤/٨/٢٠٢٣)ـدا پەسەندی کرد، بەرمەبنای ئەو پێشنیارەی کە ئاراستەی ئەنجوومەنەکە کرابوو و هەروەها وەکو پێڕەوکردنی ئەوەی لە ماددەکانی (٢ و ٢٩)ـی دەستووری عێراقدا هاتووە"
سێ بڕیار دەرکراون کر بریتین لەمانەی خوارەوە:
یەکەم، هەموو لق و دامەزراوەکانی دیکەی سەر بە سەندیکاکەمان ئاگادار دەکەینەوە بۆ لەمەودا بەکارهێنانی وشەی جۆری کۆمەڵایەتی (النوع الاجتماعی: جێندەر) ڕابگرن ئەوەش بە هۆی ئەوەی ئەو چەمکە شتگەلێکی تێدایە دژی واقعیی بایۆلۆژیی مرۆڤ و بەها ئایینییەکان و نەریتە باڵاکانە.
دووەم، بڵاو کردنەوەی پۆستەر و ڕیکلامی مێدیایی بۆ پشتگیرییکردنی خێزان بە هەردوو پێکهاتەی (دایک و باوک)ـەوە وەکو پەیوەندییەکی دامەزراوە لەنێوان ژنێک و پیاوێکدا بەپێی شەرع و یاسا کە زامنی پاراستنی تەندرووستی دەروونیی و بەهاییەکانی خێزان بێت.
سێیەم، ئاگادارکردنەوەی سەرجەم پزیشکانی بەڕێزی عێراق کە لە دامەزراوە تەندرووستییەکاندا کار دەکەن (بە حکوومیی و ئەهلییەوە) پێویستە پابەند بن بە بەکارهێنانی گوزارشتی (ڕەگەز: نێر-مێ) (Sex) لە بری جۆری کۆمەڵایەتیی (Gender).