شۆرش حەسەن: لە پشتی پەردەوە حزب دەستوەردان دەکات لە زانکۆکاندا

‌د. شۆڕش حەسەن، پرۆفیسۆر و پسپۆری بواری یاسای دەستوری

ئامادەکردنی: سپی

دەمێک ساڵە بەبێ گوێدانە پێوەرە زانستییەکان، یەکێتی و پارتی وەک موڵکی حزبی خۆیان مامەڵە لەگەڵ پۆستەکانی زانکۆکانی کوردستاندا دەکەن، کەم پۆست هەیە لە سەرۆکی زانکۆوە تا سەرۆکی بەشی کۆلیژێک لە دانانیاندا دەستوەردانی حزبی نەکرێت، بە نموونە؛ لە  دەڤەری سلێمانی ماوەیەکە وەزارەتی خوێندنی باڵا سەرقاڵی گۆڕینی پۆستەکانی زانکۆکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕینە، بەڵام دوای ٣٠ ساڵ لە ئەزموونی حوکمڕانی ئەم دوو حیزبە ئەو گۆڕانکاریانەی تا ئێستا لەم زانکۆیانە ئەنجامدراون، پاشەکشەیەکی تەواو بۆ دواوە بەدیدەکرێت و، ئەم پاشەکەشەیەش رووبەڕووی رەخنەی توند بۆتەوە، هۆکاری ئەم رەخنەگرتنەش بۆ دەستوەردانی یەکێتی دەگێڕنەوە کە هەر لە کەسی یەکەمەوە دەستوەردان دەکات تا دەستەی کارگێڕی و مەڵبەندەکان، دکتۆرێکی ناسراوی زانکۆی سلێمانیش دەڵێت" بڕیارەکان لە پشتی پەردەوە دەدرێن و حزب تا ئەوپەڕی دەستوەردان دەکات لە پڕکردنەوەی پۆستە زانستیەکان".

لە چاوپێکەوتنێکی ماڵپەڕی " سپی " لەگەڵ د. شۆرش حەسەن پرۆفیسۆر و پسپۆری بواری یاسای دەستوری کە دەیان ساڵە مامۆستای زانکۆی کۆیە و زانکۆی سلێمانیییە، دەڵێت " هەموو گۆڕانکارییەکان کە کراون لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوەو شۆڕبوونەوەی بۆ زانکۆ و پەیمانگاکان لەسەر پێوەری زانستی نەبووە، ئەو سیڤیانەی داواشیان کردووە، تا ئێستا یەک کەسیش لەسەر ئەساسی سیڤییەکان دانەنراوە، نە سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرەکانی نە راگرەکان نە لە زانکۆی سلێمانی، نە لە هیچ زانکۆیەکی تری کوردستان".

بەپێی بە دواداچوونێکی وردی ماڵپەڕی ( سپی میدیا ) ژمارەیەکی بەرچاو لەو پۆستانە دراونەتە کەسانێک کە نە لە ڕووی زانستی و، نە لە رووی ئەزموون و، نە لەرووی کەسێتیشەوە، شایستە پێدانی ئەو پۆستانە نین، بەڵکو ئەوەی بڕیاری لەسەر دانانی ئەو کەسانە داوە بەرپرسانی یەکێتین.

بەپێی ئەو بە دواداچوونانە؛ جێگرێکی سەرۆکی زانکۆ،  لە خزمانی بنەماڵەی تاڵەبانییە. یەکێک لەو راگرانەی دانراون لە ساڵی نەوەدەکاندا بە دەمانچە فیشەکی ناوە بە راگری کۆلیژەکەیەوەو برینداری کردووە. راگرێکی دی کە برای کەسایەتییەکی سەلەفیی ناسراوە، لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە دانراوە. راگرێکی دی تەنها لەبەرئەوەی هاوسەری ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتییە دانراوە، لە کاتێکدا ئەو کەسە لە ساڵی ٢٠٠٦ گەندەڵی کردووەو لە ژمارەیەکی رۆژنامەی (هاوڵاتی)دا ئەو گەندەڵییە بڵاوکراوەتەوەو ئەو دەمەش لە زانکۆکەی سزادراوە. راگرێکی دی لەبەرئەوەی برازای بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی یەکێتییە دانراوە. یاریدەدەرێکی تری سەرۆکی زانکۆ لەبەرئەوەی برای ئەندامێکی پێشووی دەستەی کارگێڕییە. دوو راگری تریش یەکێکیان کچی شەهیدێکی یەکێتییە و یەکێکی دیشیان هاوسەری بریکاری وەزیرێکی یەکێتییە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە دەیان مامۆستای بە توانا سیڤی خۆی بۆ ئەو پۆستانە رادەستی لیژنەکەی وەزارەت کردووە، بەڵام دانەنراون، د. شۆرش حەسەن لەو بارەیەوە دەڵێت" من خۆم بۆ سەرۆکی زانکۆ سیڤیم پێشکەش کردووە، ئەو لیژنەیە هەر تەقیمی کردووە، بەڵام دانانەکە لەلایەکی ترەوەیەوە، لە ژوورە تاریکەکان بڕیاری لەسەر دەدرێ، هەتا مەرجیش نییە بڕیارەکە بەپێی هەڵسەنگاندنی ئەوان بڕوات. گەر کار بەو هەڵسەنگاندنی لیژنانە بکرێت، رەنگە تا رادەیەک بەو شێوەیە نەبێت، هەرچەندە ئەو لیژنانەش، لەسەر ئەساسی پێکهاتە ئیداریە حزبیەکە دادەنرێن جا لە سەر ئاستی وەزارەت پێکبهێنرێن، یان لەسەر ئاستی زانکۆکان، ئەمانە دێن چاوپێکەوتن سازدەکەن، نەک لیژنەیەکی پسپۆر کە چەند مامۆستایەکی بە ئەزموون لە بواری خوێندنی باڵا لەخۆ بگرێ و بێن چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکەن کە سیڤیان پێشکەشکردووە". 

بەپێی راگەیاندن و میکانیزمی وەرگرتنی سەرۆک و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆکان و راگرەکان کە وەزارەتی خوێندنی باڵا لیژنەیەکی پێنج کەسی لە بەڕێوەبەرانی گشتی پێکێهێنراوە، هەر مامۆستایەکی زانکۆ کە دەیەوێت ببێتە سەرۆکی زانکۆ، یان راگری کۆلیژێک، دەبێت سیڤی خۆی ئاراستەی ئەو لیژنەیە بکات و چەند مەرجێکی تێدا بێت، لەوانە پرۆفیسۆر، یان یاریدەدەری پرۆفیسۆر بێت، لە سیڤییەکەدا ئاماژە بۆ سلوکی کەسێتی ئەو مامۆستایەی کرابێت، لە دە ساڵ کەمتر خزمەتی نەبێت و، پلانی هەبێت بۆ پێشخستنی زانکۆکە. 

 
د. شۆرش حەسەن لەو بارەیەوە دەڵێت " بەڵێ سەفەقاتی پێدەکرێت و حزبەکان پشکیان هەیە، هەتا بەم دواییانە گۆڕانیش پۆستی وەرگرتووە، بەکورتی و کوردی پۆستەکان لەسەر ئەساسی سیاسی دادەنرێن، نەک لەسەر ئەساسی پێوەری زانستی، هەر بۆیە زانکۆ رۆژ بە رۆژ بەرەو دواوە دەگەرێتەوە، ئەمە تەنها سەرۆک زانکۆکان ناگرێتەوە، راگر و یاریدەدەری راگرو سەرۆک بەشە زانستیەکانیش دەگرێتەوەو بەهەمان شێوە لەسەر پشک پشکێنی حزبی دابەشدەکرێن".

لە وڵاتانی رۆژئاوا دەسەڵاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا زۆر دیاریکراوەو زیاتر رۆڵی کۆمەک و هاوکاری دەبینێت، زانکۆکان و کۆلیژەکان تەواوی ئازادی خۆیان هەیە لە دانان و هەڵبژاردنی سەرۆکی زانکۆ و راگرەکانیشدا، هەروەها هەموو مامۆستا و راگر و سەرۆکی زانکۆ راپرسیان بۆ دەکرێت و خوێندکارانیش رای خۆیان رادەگەیەنن.

بەم دواییانە لە حکومەتی ناوەندی عێراق ئەو خوێندکارانەی بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا وەردەگیران لە زانکۆ و کۆلیژەکانیان راگەیەندران، کەچی لە هەرێمی کوردستان لەبەر دەستوەردانی حزبی لە وەزارەتەوە رادەگەیەنرێت، د شۆڕش حەسەن لەو بارەیەوە دەڵێت" کێشەیەکی تر ئەوەیە زانکۆکان بە ئیدارەیەکی سێنترالیزمی( مەرکەزی) بەڕێوە دەبرێن، لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا وەك واتە زانکۆکان سەربەخۆیی زانستی و کارگێری وداراییان نییە تا کێبەرکێ لەنێوانیان دروستبێ و بەمەش منافسەی یەکتر بکەن لەپێناو بەرەو پێشبردنی زانست، هەر نمونەیەکی نزیک بینیمان؛ دەرئەنجامەکانی خوێندنی باڵا دوای زیاتر لە بیست رۆژ لەئەنجامدانی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی هەمووی لە لایەن خودی وەزارەتەوە ئاشکرا کرا، لە کاتێکدا لە عێراق وەک من ئاگادارم هەر ئەو رۆژەی تاقیکردنەوەکان کرا، نەک تەنانەت زانکۆکە، بەڵکو هەر کۆلیژێک بۆ خۆی ئەنجامەکانی راگەیاند دەبوایە کۆلیژەکان لەماوەی دوو رۆژدا ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەکان رابگەیەنن، کەچی لە کوردستان کارەکان بە مەرکەزی بە رێدەکرێن لەلایەن  وەزارەتەوە".



PM:11:01:09/08/2023