سەركردەیەكی سەربازی پارتی: هاوپەیمانان لە كێشەكانی وەزارەتی پێشمەرگە نیگەرانن"


بەرپرسی میحوەری شەشی هێزی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت "هاوپەیمانان لە هاوكاریكردنی پێشمەرگە بەردەوامن، بەڵام هاوپەیمانان لە كێشەكانی وەزارەتی پێشمەرگە نیگەرانن".

سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری شەشی هێزی پێشمەرگە بە (كوردستان 24)ی راگەیاندووە "پێویستە پێشمەرگە یەك دەست و یەكگرتوو بێت لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها دەبێت هەموو لایەنەكان هاوكار و جددی بن بۆ پیشخستنی پرۆسەی یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، هەروەها یەكگرتنەوەی هێزەكان نابێت تێكەڵ بە ململانێی سیاسی بكرێت، گەورەترین خیانەت ئەوەیە ئەگەر كەسێك ململانێ سیاسی بگوازێتەوە ناو وەزارەتی پێشمەرگە".

سەبارەت بە هاوكارییەكانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە، سیروان بارزانی روونیكردۆتەوە "هاوپەیمانان لە هاوكاریكردنی پێشمەرگە بەردەوامن، بەڵام هاوپەیمانان لە كێشەكانی وەزارەتی پێشمەرگە نیگەرانن، هاوپەیمانان هاتوون بۆ ئەوەی یەكمان بخەنەوە ئێمە دەبێت سوپاسیان بكەین نابێت رێگری بكرێت لەو پرۆسەیە، پرۆسەكە هەنگاوی باشی بڕیەوە كە جێگای دڵخۆشیە بەڵام لەسەر هەندێك گرفتی بچووك ئەو پڕۆسەیە خاو بووەتەوە".


ناوبراو وتویەتی "هەندێك جار خەڵكانێك لە ترسی پێگەی خۆیان دەیانەوێت ئەو پرۆسەیە دوابخرێت، بەڕاستی هیچ بیانووێك نییە بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە دوا بكەوێت".



PM:10:26:10/08/2023