پێشمەرگەیەك لەكاتی مەلەكردن خنكا

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی ڕاپەڕین رایگەیاند، "ئەمڕۆ تەرمی گەنجێكی تەمەن ٢٦ ساڵ كە پیشەی پێشمەرگەیە گەیەندرایە نەخۆشخانەی قەڵادزێ و بەوتەی كەسوكارەكەی لەكاتی مەلەكردن لە گوندی برایماوە خنكاوە".

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی ١١ی ئابی ٢٠٢٣، پۆلیسی ئیدارەی ڕاپەڕین لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "تەرمی هاوڵاتیەك بەناوی (ن. س. ئـ) لە ڕەگەزی نێر، لەدایكبوی ساڵی ١٩٩٧ كە پیشەی پێشمەرگەیە لە لیوای ٧١٢ و دانیشتوی ناحیەی ژاراوە گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "بەوتەی كەسوكارەكەی لەگەڵ هاوسەر و براكانی بەمەبەستی مەلەكردن چونەتە زێی بچوك لە نزیك گوندی (برایماوە)، بەڵام كوڕەكەیان لەكاتی مەلەكردن خنكاوە".

پۆلیسی ڕاپەڕین باسی لەوەشكردوە، لەئێستادا پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕوداوەكە ڕێكخراوە و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە.

ئەمە لە کاتێکدایە، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو، "ئەو شوێنە گەشتیاریانەی مەترسی خنكانی هاوڵاتیان و گەشتیارانیان هەیە سەرجەمیان شریتی سوریان لێدەدرێت و دادەخرێن، بەمەبەستی كەمكردنەوەی روداوەكانی خنكان".



PM:07:39:11/08/2023