سەبارەت بە ناردنی پشكی هەرێم لەگەڵ مووچەی پارێزگاكانی عێراق روونكردنەوە دەدات


وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئومێدەوارن لەگەڵ دەستپێكردنی دابەشكردنی مووچە لە پارێزگاكانی عێراق، پشكی هەرێمی كوردستانیش بنێردرێت.

هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە "تیمە هونەرییەكانمان بەردەوامن لە گفتوگۆكان لەگەڵ حكومەتی عێراق و ئەوەی پێویستبێت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە كراوە و هەموو ئامادەكارییەكیش كراوە و گفتوگۆكان بەردەوامن". 

ناوبراو روونیكردۆتەوە "هیوادارین لەم مانگەوە حكومەتی عێراق پابەندبێت بە یاسای بودجەوە و شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان وەكو خۆی بنێرێت، ئەگەر پێشتر بیانوویەك بەناوی دەرنەچوونی یاسا و رێنماییەوە هەبووبێت، ئێستا ئەوە نەماوە و هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی سەرجەم شایستە داراییەكانی بەگوێرەی یاسای بودجە وەربگرێت".
 
هونەر جەمال وتویەتی "ئومێدەوارین لەگەڵ دەستپێكردنی دابەشكردنی مووچە لە پارێزگاكانی عێراق، پشكی هەرێمی كوردستانیش بنێردرێت، چونكە ئەوە پابەندییەكە و دەبێت حكومەتی عێراق پێیەوە پابەندبێت".

حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم هەفتەیە كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی هێنا، لەمەودواش بۆ دابەشكردنی مووچە چاوەڕوانی ناردنی بودجەیە لەلایەن بەغداوە.




PM:08:12:17/08/2023