بارزانی: پابەندین بە هەر سێ بنەمای تەوافوق و شەراكەت و هاوسەنگی


مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پابەندبوونی هەرێمی كوردستان بە هەر سێ بنەمای تەوافوق و شەراكەت و هاوسەنگی دووپاتكردەوە.

بارەگای بارزانی، ڕۆژی پێنجشەمە 17ی ئابی 2023، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی لە سەڵاحەدین لەگەڵ وەزیر و ئەندامانی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەرپرسانی پارتی لە بەغدا كۆبووەوە.

هەر لەم دیدارەدا د.فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی تێڕوانینێكی گشتی لەبارەی ئامادەكاریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و گرنگترین ئەو یاسایانەی خستەڕوو كە لەم وەرزەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتو دەكرێن، لەوانەش یاسای نەوت وغاز، یاسای ئەنجومەنی فیدڕاڵی، و یاسای دادگای فیدراڵی.

هەروەها بارزانی رایگەیاندووە "ئێمە خاوەنی پرسێكی ڕەواین، لە هەموو قۆناغەكانیش دا لە پڕۆسەی سیاسی دا هەمیشە، پابەندین بە هەر سێ بنەمای تەوافوق و شەراكەت و هاوسەنگی، هاوكات پێویستە مافە دەستوورییەكانی قەوارەی یاسایی و دەستووری كوردستان و گەلەكەی پارێزراو بێت، چونكە ئەم هەرێمە بەرهەمی خەباتێكی دوور و درێژە لەپێناوی ئازادی".



AM:12:31:18/08/2023