زانیاری ورد لەسەر کوژرانی کادیری یەکێتی نیاز دەرگەڵەیی


نیاز جەلال ناسراو بە نیاز دەرگەڵەیی لە باخەکەی خۆیدا کە تەنها بووە، کوژراوە.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ( سپی ) نیاز جەلال کە کادیرێکی سەربازی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە  و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندی ئەو حزبە بووە،  ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ خێزانەکەی لە میوانداری بوو، دوای تەواوکردنی میواندارییەکە بە خێزان و منداڵەکانی وتوە دەچمە باخەکەیان، دواتر ماڵ و منداڵەکەی دەچن بۆ باخەکە، بە کوژراوی دەیبیننەوە.

لە بارەی مێژووی نیاز جەلالەوە یەکێتی بووە، لە سەردەمی شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتی و پارتیدا لە ساڵی ۱۹۹٥پەیوەندی دەکات بە پارتیەوەو، دەکرێت بەرپرسیاری ناوچەکانی دەرگەڵە و قەسرێ، لە ۱٦ی ئابی ۱۹۹٦ بە ماوەیەکی کەم پێش ۳۱ی ئاب، ئەو ناوچانە لەلایەن یەکێتییەوە کۆنترۆڵکرا، ئەمەش بووە جێی گومان بۆی لەلای پارتی، بەو پێیەی پارتی ئەویان تۆمەتباریان دەکرد کە دەستی تێکەڵ کردووە لەگەڵ یەکێتی و ئەو ناوچانەی رادەستکردوون. 

بەپێی زانیارییەکان لەگەڵ دروستبوونی ئەو کێشانە پەیوەندی دەکاتەوە بە یەکێتی یەوەو لە ریزی ئەو حزبەدا ماوەتەوە.

تا ئێستا هێزە ئەمنییەکان هیچ زانیارییەکیان لەبارەی کوژرانی نیاز دەرگەڵییەوە ڕانەگەیاندووە، کەسکوکاریشی داوای لێکۆڵینەوە دەکەن.

لەلایەکی ترەوە، 
باڵا هاوار دەرگەڵەیى بەناوى جەلال بەگى دەرگەڵەیی بە میدیاکانی راگەیاندووە" مام چوار فیشەکى لێدراوە و تیرۆرکراوە".
هەروەها دەشڵێت" ئێمە وەکو بنەماڵەى جەلال دەرگەڵەیى هیچ کێشەیەکى کۆمەڵایەتیمان لەگەڵ کەس نیە و کەیسەکەمان گەیاندووەتە دەستى هێزە ئەمنیەکان و ئەوان ئێستا لێکۆڵینەوە ووردى لەسەر دەکەن، ئەو پەیجانەشى کەیسەکە بەڵاریدا دەبەن، تەعبیر لە ئێمە ناکەن".

ئێوارەی ئەمڕۆ نیاز دەرگەڵەیی لە باخەکەیدا کوژرا لە کاتێدا خۆی تەنها بووە لە باخەکەیدا.




AM:12:31:19/08/2023