وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی ئەو ئەفسەرانەی کێشیان زیادە بڕیارێک دەردەکات

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەفسەران ناچار بە خۆکێشان دەکات و سزای جۆراوجۆریش بۆ ئەفسەرە قەڵەوەکان دیاریدەکات، کە پلەبەرزنەکردنەوە تا خانەنشینکردن دەگرێتەوە.

بە پێی نوسراوێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، سەرجەم ئەفسەران بە پلەی مولازم دەبێت لە یەکی مانگی ئەیلوول تاکو یەکی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، لە بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاریی پزیشکی خۆیان بکێشن، تاکو پلە بەرزکردنەوەی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ بیانگرێتەوە.

بە پێی نوسراوەکە، ھەر ئەفسەرێک کێشی لە دوو کیلۆوە لە کێشی ئاسایی زیاتر بێت، پلە بەرزکردنەوەی ساڵانەی رادەگیرێت.

ھەروەھا ئەوانەشی پلەیان عەمید یاخود لیوایە، ئەگەر کێشیان لە پێنج کیلۆوە لە سەروو کێشی ئاساییەوە بێت، مۆڵەتی یەک ساڵیان پێدەرێت، تاکو کێشیان کەمبکەنەوە، بەپێچەوانەوە رێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر و خانەنشین دەکرێن.

ھەروەھا ئەوانەی پلەیان عەقیدە بۆ ماوەی دوو مانگ دەخرێنە راھێنانی ناوەندی چاکسازیی پۆلیسەوە بە پێچەوانەوە خانەنشین دەکرێن.


PM:11:41:19/08/2023