ئەو تۆمەتبارەی هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی دەكرد دەستگیركرا


بەتۆمەتی‌ ھەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی تایبەتی لەژمارەیەك ژن‌و كچ، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ڕاپەڕین  تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد.

پۆلیسی سلێمانی بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی‌ هێزەكانی‌ پۆلیس زانیارییان لەسەر تۆمەتبارێك پێگەیشت كە لەڕێی‌ تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانەوە پەیوەندی‌ لەگەڵ ژنان‌و كچان دروستكردووە و دوای‌ دەستكەوتنی‌ وێنەو ڤیدیۆی‌ تایبەتیان ھەڕەشەی بڵاوكردنەوەیان لێدەكات ئەگەر بڕێك پارەی پێنەدەن، دەستبەجێ ھێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچونیان بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستپێكرد.

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لەماوەیەكی كەمدا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ڕاپەڕینەوە دەستگیربكرێت. 

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە دوای‌ پشكنینی‌ موبایلی‌ تۆمەتبار چەندین بەڵگەنامەو وێنەو ڤیدیۆی‌ ئەو ژن‌و كچانە دۆزرایەوە كە تۆمەتبار هەڕەشەی‌ لێكردبوون.



PM:12:19:20/08/2023