بە ئامانجی ئازادکردنی چوار دەستگیرکراوی بادینان لە چوار شارى هه‌رێم چالاکی ئەنجام دەدرێت

بە ئامانجی ئازادکردنی چوار دەستگیرکراوی بادینان، ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی ئابی ٢٠٢٣ لە سلێمانی و هەڵەبجە و هەولێر و دهۆک چالاکی ئەنجام دەدرێت.

دەستەی بەرگری لە ئازادی لە بەیاننامەیەکدا به‌ دروشمى (بەرگریکردن لە ئازادی بەرپرسیارێتی هەموانە، حەق نییە بێدەنگ بین) ڕایگەیاندووە" بە نادادپەروەرانە بڕیاری چوار ساڵی تر زیندانی بۆ ڕۆژنامەنوس (شێروان شێروانیى) لەسەر چەند تۆمەتێکی بێبنەما دەرکرا، ئێمە کۆمەڵێك چالاکوان‌ و ڕۆژنامەنوس‌ و ڕۆشنبیر لە پێناو دروستکردنی فشار لەسەر دەسەڵاتی دادوەری و گەیاندنی دەنگمان بەرای گشتی بۆ پێداچوونەوە بەو بڕیارە نادادپەروەرانەدا، کاتژمێر (١٠:٠٠)ی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە بەردەم دادگای سلێمانی‌ و دادگای هەڵەبجە کۆدەبینەوە و هەڵوێستی خۆمان لە رێگه‌ی بەیاننامەیەکەوە ڕادەگەیەنین". 

دەشڵێن" داوای بەشداری و پشتیوانیتان لێدەکەین لەپێناو ئازادکردنی شێروان شێروانی و سەرجەم گیراوانی بادینان‌ و کۆتاییهێنان بەم سەرکوتکارییە". 

هەروەها بڕیارە هەر ئەمڕۆ دەستەی بەرگری لە ئازادیله‌ شاره‌كانى هه‌ولێر و دهۆك، هه‌مان گردبوونه‌وه‌ى ناڕه‌زای دژى ئه‌و سزایه‌ى به‌سه‌ر شێروان شێروانى‌ و گیراوانى دیكه‌ى بادیناندا سه‌پێندراوه‌ ئه‌نجامبدات.

ڕۆژی ٢٠ی مانگی ڕابردوو دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر دووبارە سزای چوار ساڵی دیکە زیندانی بەسەر شێروان شیروانی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بادیناندا سەپاند کە ئەوەش نیگەرانی ناوخۆی و دەرەكی لێكەوتەوە.


AM:09:11:21/08/2023