لە سێ پارێزگای هەرێم چالاکی بۆ ئازادکردنی گیراوانی بادینان سازکرا
لە دهۆک ڕێگە نەدرا

بەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە لە هەریەک لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و هەڵەبجە بە مەبەستی ئازادکردنی گیراوانی ناوچەی بادینان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ئەنجام دراو بەیاننامەیەکی هاوبەش خوێندرانەوە، بەڵام لە پارێزگای دهۆک هێزە ئەمنییەکان رێگەیان نەدا چالاکوانان و کەسوکاری (شێروان شێروانی و گوهدار زێباری) گردببنەوەو بەیاننامەیەکی ناڕەزایی بخوێننەوە.

کاتژمێر (١٠:٠٠) بەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگای هەڵەبجە و لە بەردەم بینای دادگای هەڵبجەو، لە سلێمانی هاوشێوەی ئەو لەبەردەم دادگای سلێمانی ژمارەیەک لە چالاكوانان و رۆشنبیران و میدیاکاران بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوانی بادینان گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان سازکرد، لە پارێزگای هەولێر-یش لە بەردەم کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ دژی دەستگیرکردنی چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانی ناوچەی بادینان، ژمارەیەک چالاکوان گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا. لەم سەنتەری ئەم سێ پارێزگایە راگەیاندنێکی هاوبەش خوێندرایەوە کە لەلایەن دەستەی بەرگری لە ئازادی سازکرابوو. 

هەروەها بڕیاربوو هەر ئەمڕۆ لە پارێزگای دهۆک کەسوکاری گیراوەکان و ڕۆشنبیر و چالاکوانان دژی ئازادنەکردنی (گوهدار زێباری و شێروان شێروانی) لە بەردەم دادگا هەمان چالاکی ئەنجام بدەن و راگەیاندنەکە بخوێننەوە، بەڵام لە لایەن هێزێکی ئەمنی ئەو شارەوە رێگری لە چالاکییەکە کرا و بڵاوەی بەو کەسکوکاری گیراوەکان و میدیاکاران و میدیاکان کران.

دەستەی بەرگری لە ئازادی لەهەر سێ گردبوونەوەکەدا ئەم راگەیاندنەیان خوێندەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی: 

ڕاوەستان بە ڕووی خراپ بەکارهێنانی یاسا بۆ سزادانی ڕۆژنامەنووس (شێروان شێروانی و هاوڕێکانی).

لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە، سەرەڕای بەڵێنەکانی چاکسازی و فراوانکردنی پانتایی ئازادی ڕادەربڕین، دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادی بیروڕا و ڕۆژنامەوانی و کاری ڕێکخراوەیی لە هەرێمی کوردستاندا کە کۆڵەکەی هەر سیستەمێکی دیموکراسین، بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە پاشەکشەی یەکجار گەورە کردووە و چیتر قبووڵ ناکرێت.

سزادانی شێروان شێروانی و ئازادنەکردنی گوهدار زێباری، نوێترین زنجیرەی خراپ بەکارهێنانی یاسایە دژی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان، بە جۆرێک، دەستوەردانی سیاسی بە ڕوونی لەم کەیسە دیارە و ئامانج لێی هێشتنەوەی شێروان و گوهدارە بۆ ماوەیەکی زیاتر.

ئێمە لێرە بەناوی خۆمان و سەرجەم ئازادیخوازان

پەیام ئاراستەی دادگای پێداچوونەوە دەکەین، کە ئەو پێشێلکارییە یاساییە ڕاست بکەنەوە، بۆ ئەوەی بێ متمانەیی خەڵک بە دادگاکان قووڵتر نەبێتەوە و سیمای کوردستان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناشیرینتر نەبێت، بەهۆی دەستوەردانی سیاسی لە کاری دەسەڵاتی دادوەری.

هەموو ئاماژەکان ئەو ڕاستییە حاشا هەڵنەگرە پیشان دەدەن کە هەرێمی کوردستان پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدار لە زەوتکردنی ئازادییەکان و، بە ئەندازەیەکی بەرچاو دۆخەکە بەرەو سیستەمێکی دیکتاتۆری ئەمنی هەنگاو دەنێت، کە بووەتە هۆی ئەوەی کوردستان وەک ناوچەیەکی مەترسیدار بۆ کاری ڕۆژنامەوانی لە لایەن ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان سەیر بکرێت.

هەروەها هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە، بەردەوامی ئەم دۆخە و ئەو هەموو پێشێلکارییانەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، وامان لێ دەکات بەردەوام ببین لە کارکردن بۆ فراوانکردنی ناڕەزایەتییەکان و گرتنە بەری هەموو ڕێوشوێنێک بۆ گەیاندی دەنگمان و کۆتایی هێنان بەم دۆخە.

ئازادی بۆ شێروان شێروانی و گوهدار زێباری و هاوڕێکانیان

دەستەی بەرگری لە ئازادی
٢١ی ئابی ٢٠٢٣


AM:11:34:21/08/2023