قەیس خەزعەلی: رۆیشتنی سوپای ئەمەریكا لە عێراق ئەگەرێكی مسۆگەرە

سەركردەیەكی دیاری شیعە رایدەگەیەنێت "هیچ هێزێك ناتوانێ سەقامگیری عێراق تێكبدات و رۆیشتنی سوپای ئەمەریكاش لە عێراق ئەگەرێكی مسۆگەرە".

قەیس خەزعەلی، سكرتێری گشتی عەسایبی ئەهلولحەق لەچاوپێكەوتنی كەناڵی عێراقییە رایگەیاند "تێكدانی سەقامگیری عێراق خەیاڵە و هیچ هێزێك ناتوانێ سەقامگیری عێراق تێكبدات، هاتنی سەربازی دیكەی ئەمەریكا بۆ عێراق لەلایەن میدیاوە گەورە كرا، زانیاری تەواومان لەبارەی ئەو پرسەوە‌ هەیە".

ناوبراو روونیكردۆتەوە "ژمارەی سەربازانی ئەمەریكا لە عێراق 2500 سەربازە و یەك دانەی دیكە زیاد نابێت،  گۆڕانكارییەكان لە ریزەكانی ئەو سوپایە، بە زانیاری حكومەتی عێراقییەوە دەكرێت".

هەروەها وتویەتی "عێراق توانای هەیە بەرگری لەخۆی بكات، ئەو فیرقە سەربازییەی ئەمەریكا هاتوون، بۆ سووریایە، رۆیشتنی سوپای ئەمەریكا لە عێراق ئەگەرێكی مسۆگەرە، ئەمەریكییەكانیش ئەوە دەزانن، داعش چیتر پاساو نییە".



AM:12:08:23/08/2023