توركیا و عێراق: گرنگە هەناردەی نەوتی هەرێم لە زووترین كاتدا دەستپێبكاتەوە


وەزارەتی وزە و سامانە سروشتییەكانی توركیا و وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیەنن، گرنگە هەناردەی نەوت لە زووترین كاتدا دەست پێبكاتەوە.

وەزارەتی وزە و سامانە سروشتییەكانی توركیا و وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا رایانگەیاندوە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و ئاڵپئارسڵان بایراكتار، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەكانی توركیا لە ئەنقەرە كۆبوونەوە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە "هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە، دوای پشكنین و چاككردنەوەی بەشێكی بۆری نەوتی عێراق - توركیا كە دوای بوومەلەرزەكان لە 6ی شوباتی 2023 زیانی بەركەتبوو، گرنگە هەناردەی نەوت لە زووترین كاتدا دەستپێبكاتەوە".

هەروەها دەڵێن "وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری وزەی توركیا رێككەوتن لەسەر هاوكاریكردنی یەكدی لە ئاوەدانكردنەوەی سیستەمی بۆرییەكانی عێراق-توركیا لە خاكی عێراق".

لەمانگی ئازاری ئەمساڵەوە و دوای بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی ناوبژیوانی پاریس كە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە "نایاسایی" دانا، هەناردەی نەوت لە توركیاوە راگیراوە.



AM:11:41:23/08/2023