پارتی پەسەندی ناکات قوباد تاڵەبانی ببێت بە وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت

هەرچەندە هەفتەیەک لەمەوبەر لەزاری چەند بەرپرسێکی پارتیەوە بڵاوکرایەوە؛ شۆڕش ئیسماعیل دەتوانێت بگەرێتەوە بۆ سەر پۆستەکەی، یان یەکێتی وەزیرێکی خۆی بە وەکالەت دابنێت، لەو نێوەدا لەلایەن یەکێتی یەوە بە نافەرمی ناوی قوباد تاڵەبانی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە بە وەکالەت ئاماژەی بۆ کرا، بەلآم بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " پارتی قوباد تاڵەبانی بەلاوە پەسەند نییە.

لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمەریکییەکان بە عەبدوڵای حاجی مەحمود وەزیری کاروباری شەهیدانیان راگەیاندووە " ئەوان پێیان باشە کە ئەو بە وەکالەت ببێت بە وەزیری پێشمەرگە، یان حەمەی حەمە سەعید"، ئەوە لە کاتێکدایە کە لە پلانی یەکێتیدایە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بە وەکالەت ئەو پۆستەش وەربگرێت.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ( سپی ) ئەمەریکییەکان بەلایانەوە باش بووە، شۆڕش ئیسماعیل کە دوو ساڵ لەمەوبەر دەستی لە کارکێشاوەتەوە بگەڕێتەوە سەر پۆستەکەی، بەلآم سپی، زانیوویەتی کە ناوبراو ئامادە نییە بەگەڕێتەوە. هاوکات بەو پێیەی بە ناراستەوخۆ یەکێتی ناوی قوباد تاڵەبانی هێناوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە یەکێتی دەیەوێت قوباد تاڵەبانی بە وەکالەت لەو پۆستەدا دابنێت.

تا ئێستا مانەوەی ئەو پۆستە بە بەتاڵی، لە کاتێکدا یەکێتی لە ژوورە داخراوەکاندا ناوی قوباد تاڵەبانی هێناوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی پارتی نایەوێت ئەو پۆستە رادەستی قوباد تاڵەبانی بکات.

تا ئێستا سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی نازانێت ئەو هۆکارە چییە کە ئەمەریکییەکان ناوی عەبدولآی حاجی مەحمود و حەمەی حەمە سەعیدیان هێناوە، ئایا ئەمە رای خۆیانە، یان رای پارتییەو لە رێگای ئەوانەوە بە یەکێتییان راگەیاندووە.

دوو ساڵ لەمەوبەر شۆرش ئیسماعیل لە ژێر پەستانی سەرکردایەتی یەکێتیدا، دەستلەکاركێشانەوەی خۆی لە پۆستی وەزیری پێشمەرگە ئاراستەی مەسرور بارزانی کرد، بەلآم سەرۆک وەزیر دەستلەکارکێشانەوەکەی قوبڵ نەکردووەو، ئەو پۆستە بە بەتاڵی ماوەتەوەو لەلایەن بریکارەکەیەوە کە پارتییە بەڕێوەدەبرێت، لەو دەمەشەوە کێشەی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پشکی هەردووکیان لەو وەزارەتە قوڵتربۆتەوە وچەند جارێک ئەمەریکییەکان داوایان کردووە کە بەزووترین کات ئەو پۆستە پڕبکرێتەوە.

    





PM:11:08:23/08/2023