زانیاری نوێ سەبارەت بە دابەزینی پلەكانی گەرما


شارەزایەكی بواری كەشناسی رایدەگەیەنێت، لەسبەینێوە لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان پلەكانی گەرما روو لەدابەزین دەكەن.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی رایگەیاندوە "لەسبەینێ هەینیەوە دابەزینی پلەكانی گەرما دەست پێدەكات، بەهۆی نزیكبونەوەی بارستە هەوایەكی سارد لە دەریای ناوەڕاستەوە، سەنتەری ئەم بارستە هەوایەش رۆژانی سێشەممە و چوارشەمەی هەفتەی داهاتو پێشبینی دەكرێت بەتەواوی بگاتە سەر ناوچەكانمان".

نابوراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئەم بارستە هەوایە بەرێژەیەكی بەرچاو كاریگەری لەسەر نزمبونەوەی پلەكانی گەرما دەبێت كە بەراورد بە كاتی ئێستا بۆ هەر ناوچەیەك لەماوەی ئەو دو رۆژەدا پلەكانی گەرما 6-8 پلە نزم دەبنەوە".

ئاراس جەبار وتویەتی "بەهۆی ئەو گۆڕانكاریە خێرایە كە رودەدات لەكاتەكانی رۆژیشدا هەست بەفێنكی كەشەكە دەكرێت، لەگەڵ ئەم بارستە هەوایەدا رێژەیەكی مامناوەندی شێی بەرگەهەوای لەگەڵ دەبێت كە ئەگەری هەیە رۆژی سێشەمە ببێتە هۆی بارانی پەرش و بڵاو لەناوچە جیاجیاكانی توركیا و باكوری كوردستان، لە رۆژی چوارشەمەدا  30ی (ئاب/8) كاریگەری درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ناوچە شاخاویەكانی پارێزگای دهۆك و هەولێر بەتایبەت ناوچە سنوریەكان ئەگەری چڕبونەوەی هەور و بارانی پەرش و بڵاو بەرێژەی جیاواز دەبێت كە لەهەندێك ناوچەدا بەدیاری نەكراوی هەورە بروسكە و تاوی بەخوڕی باران دروست دەبێت".



PM:09:55:24/08/2023