هۆكاری دواخستنی ناردنی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێم ئاشكراكرا

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" هۆكاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پەیوەندی بە بابەتی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمەوە هەیە کە حكومەتی فیدراڵ مەرجێكی نوێ بۆ ناردنی بەشە بودجەی هەرێم دادەنێت". 

سروە محەمەد رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێكدا بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاندووە" ئەگەر حكومەتی عێراق بەم شێوازەی ئێستا مووچە و پشكی هەرێم دوابخات ئەوا وەزیری دارایی عێراق بانگهێشتی پەرلەمان دەكەین و پێویستە روونكردنەوەی پێویست بدات و هۆكاری دواخستنی ناردنی مووچە و پشكی هەرێم روونبكاتەوە". 

راشیگەیاند" یەكێك لە گرفتەكانی دواخستنی ناردنی پشكی هەرێم بابەتی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمە كە دەبێتە بەشێك لە داهاتی عێراق و چەند جارێك شاندی هەردوولا بۆ ئەو مەبەستە سەردان و دیداریان ئەنجامداوە لەهەمانكاتدا دەبێت بابەتی پاكتاوە داراییەكانی هەرێم و بەغداد یەكلابكرێنەوە و ناكرێت بابەتی مووچەی فەرمانبەران بە سیاسی بكرێت". 

وتیشی" تا ئەو كاتەی حكومەتی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی خۆی دابەشنەكات پارەی تەرخانكراو بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نانێرێت، جگە لەوەش دەبووایە لەم چەند رۆژەدا پشكی هەرێمی كوردستان رەوانەبكرایە". 


PM:02:50:25/08/2023