وا بڕیارە بەم نزیكانە ئیمانوێڵ ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا بە سەردانێك بگاتە شاری بەغدادی پایتەختی عێراق.
بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، دوێنێ سودانی و ماكرۆن پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و تیایدا پرسەكانی جێبەجێكردنی رێككەوتنی هاوبەشی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات و بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەكان لە بوارەكانی ئابووری، كولتووری، ئەمنی و سەربازی تاوتوێكران، بەتایبەت دۆسیەی كڕینی رادار لەلایەن عێراقەوە لە كۆمپانیای تالیسی فەرەنسی، كە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی لەسەر دراوە و دەكرێت بەهۆی ئەو سیستەمە عێراق كۆنترۆڵی تەواوی ئاسمانی وڵاتەكەی بكات.
هەر لەو پەیوەندییەدا گفتوگۆ لەبارەی ئامادەكارییەكانی كۆنگرەی بەغدا بۆ تەواوكاری ئابووری و هاوكاری هەرێمایەتی و سەردانی ماكرۆن بەم نزیكانە بۆ بەغدا كرا، وێڕای ئاڵوگۆڕی دیدگاكان لەبارەی دوایین گۆڕانكارییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان.