زانیاری نوێ لەبارەی كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێم و بەغداد دەخرێتەڕوو

کۆبونەوەکانی شاندی ھەرێم و بەغداد درێژەیان دەبێت کە پرسی مووچەی مانگەکانی تەموز و ئاب و ئاستەنگەکانی جێبەجێکردنی بودجەی عێراق تاوتوێ دەکەن.

بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، ئێوارەی دوێنێ شاندێكی هەرێم بە سەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری گەیشتنە بەغدا و تا درەنگانی شەوی رابردوو کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا پرسی مووچەی مانگی تەمموز و ئابی فەرمانبەرانی ھەرێم و شایستە داراییەکان لە بودجەدا تاوتوێ کرا، بەڵام تائێستا ھیچ رێککەوتنێک رانەگەیەندراوە.

هەروەها بڕیارە ئەمڕۆش شاندەکەی هەرێم كۆبوونەوەیەك لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق ئەنجامبدات و ھەر ئەمڕۆش بگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان. 

بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم حکومەت زیاتر لە ٩٠٠ ملیار دیناری پێویستە، بەڵام مانگی رابردوو حکومەتی فیدراڵ بڕی ٥٩٨ ملیار دیناری رەوانەی هەرێم كرد.


PM:03:05:31/08/2023