تەندروستى گەرمیان لەبارەی بڵاوبوونەوەى کۆلێرا هۆشداری دەدات

بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت" پێشبینی نزیكی دەركەوتنی حاڵەتی كۆلێرا دەكەین و ئامادەكاری كراوە و بەردەوامین لە دابینكردنی پێداویستی نەخۆشخانەكان". 

سیروان محەمەد جەمال بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٣١ی ئابی ٢٠٢٣ لە پەیامێكدا بڵاویكردەوە" پەتای سكچون رو لە هەڵكشانە و هەر ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی توشبوی كۆلێرا دەستنیشان كرا، ساڵی پار بە هەمانشێوە لە گەرمیان بە كاركردنی تیمەكانی خۆپاراستن و نەخۆشییە گواستراوەكان و نەخۆشخانەی گشتی كەلار و كفری و فریاكەوتن و قەڵا و سەرجەم دەزگاكانمان و هاوكاری و هەماهەنگی ئیدارەی گەرمیان و كەلار وكفری و فەرمانگەكان، توانیمان حاڵەتە سەرەتاییەكانی كۆلێرا دەستنیشان بكەین و رێنمایی و چارەسەر بۆ خۆیان و خۆپارێزی خێزانیان دابینكەین، بەم كارەش گەرمیان پارێزرا لە بڵاوبونەوەی پەتای كۆلێرا".

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەمساڵ هەمان كاركردن بەردەوامە، ئەوانەی لە شاری سلێمانی دەگەڕێنەوە و سكچونیان هەیە، راستەوخۆ لە دەزگاكانیان پشكنینی پێویست ئەنجامبدەن و رێگر دەبن لە بڵاوبونەوەی پەتاکە. 

دەشڵێت" پێشبینی نزیكی دەركەوتنی حاڵەتی كۆلێرا دەكەین و ئامادەكاری كراوە و بەردەوامین لە دابینكردنی پێداویستی نەخۆشخانەكان، هەر ئەمڕۆش بانكی هەرێم لە سلێمانی ١٠٠ ملیۆن دیناری كاشی بۆ تەندروستی گەرمیان دابینكرد و لە روبەڕوبونەوەی كۆلێرا و پێداویستیەكانی خەرجدەكرێت".


PM:04:30:31/08/2023