لە رۆژئاوای كوردستان شەڕ و پێکدادان دەستیپێكردەوە

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە شەڕ و ڕووبەڕوبوونەوە لە نێوان ئەنجومەنی سەربازی دێرەزور و هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە سنورەكانی دێرەزور دەستیپێکردەوە. 
 
لەمبارەیەوە روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویكردەوە" شەڕ و پێكدادان لە نێوان ئەندامانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و هێزەكانی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزور لە شارۆچكەی دیبان لە كەنارەكانی ڕۆژهەڵاتی فورات دەستیپێكردەوە". 

دەشڵێت" چەكدارانی هۆزی بەكاری دڵسۆز بۆ ئەنجومەنی سەربازی دێرەزور بە سەرۆكایەتی ئەبو رەهف كۆنتڕۆڵی چەند ناوچەیەكیان كردووە لە سنوری محێمیدیە كە پێشتر هێزی كۆماندۆی سەر بە هەسەدە تێیدا جێگیركرابوو". 

ئەوەش هاتووە" شێخ و كەسایەتییە دیارەكان لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا داوای كۆتاییهێنان بە شەڕە بەردەوامەكان دەكەن كە بەهۆیەوە دەیان كەس گیانیان لەدەستداوە". 

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەدا ئاماری قوربانییەکانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت" لە ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ، (٤٠) كەس گیانیان لەدەستداوە كە پێنج كەسیان هاوڵاتی مەدەنی بوون، هەروەها ٢٠ چەكداری هۆزەكان، ١١ ئەندامی هێزەكانی (هەسەدە)، لە نێویاندا پێنج كەسیان خەڵكی ئیدلبن، ١٥ كەسی دیكەش برینداربوون كە هەشت كەسیان سەر بە هۆزەكان و حەوتیشیان ئەندامی هەسەدە بوون". 


PM:05:01:31/08/2023