لەسەر داوای هەندێک بەرپرسی عێراقی جوڵەی پێشمەرگەیان بۆ ناو کەرکوک راگرت

فەرماندەی میحوەری پردێی هێزی پێشمەرگە نوری حەمە عەلی ڕاگەیاندووە" شەوی ڕابردوو خۆیان ئامادە کردبوو بۆ ئەوەی بڕۆن بەدەم خۆپیشاندەرە کوردەکانی کەرکوکەوە، بەڵام بەهەوڵی هەندێک بەرپرسی عێراقی جوڵەیان بەرەو کەرکوک ڕاگرتووە".( بەبێ ئەوەی ئاماژە بۆ ئەوە بکات چۆن دەچنە کەرکوکەو لە کام رێگاوە).

نوری حەمە عەلی، فەرماندەی میحوەی پردێی هێزی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە "هەندێک بەرپرسی دڵسۆزی عێراق دەستوەردانیانکرد و داوای دان بەخۆدا گرتنی لێکردین، ئەگینا پلانمان هەبوو بەرەو کەرکوک بڕۆین. چۆن دەبێت خوێنی کورد لەکەرکوک بڕژێت و ئێمە دەستەوەستان بین."

ئەو بەرپرسەی پێشمەرگە، دەڵێت،"داخستنی ڕێگەی کەرکوک-هەولێر و دژایەتیکردنی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک پلانی شۆڤێنییەکان بوو، گەر پێشتر خێوەتەکە لابرایەو ڕێگەکە بکرایەتەوە، خوێنی گەنجی کوردیش نەدەڕژا."

دوێنێ ٢ ی ئەیلول لە کەرکوک خۆپیشاندانێکی گەورەی کوردی بەرامبەر ٥ رۆژ داخستنی رێگای کەرکوک- هەولێر سازکراو دواتر بارگرژی کەوتە نێو خۆپیشاندانەکەو لەلایەن هێزە ئەمنییە عەرەبەکانەوە ٤ خۆپیشاندەر کوژران و ١٥ دیش برینداربوون کە هەموویان کوردبوون، هەروەها ژمارەیەک ئۆتۆمبیلی هاوڵاتی عەرەب سووتێنران. 




PM:09:09:03/09/2023