"هێزەکانی پێشمەرگە لە دەوری کەرکوک ئیحتیاتی خۆیان وەرگرتووە"


بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات  ئەو شەوەی بارگرژی لەناو کەرکوکدا روویدا، هێزی پێشمەرگە هیچ پلانێکی نەبووە کە بچێتە کەرکوکەوە، بەڵکو " تەنها ئیحتیاتی خۆی خستووە".
 
عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە "ئەوان ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەنە کە هێزی پێشمەرگە بەرەو کەرکوک جوڵێنرابێت و، هێزەکانی پێشمەرگە تەنیا "ئیحتیاتی" خۆیان وەرگرتووە".
" ئەو جوڵانەی هێزەکانی پێشمەرگەش لە ناوچەی پردێ، وەک ئامادەکاری لە ئەگەری هێرشی داعش و "قۆستنەوەی" خراپی دۆخی کەرکوکە"( وەک باپیر ئاماژەی بۆ دەکات).

وتیشی،"هێزی پێشمەرگە خەتی تەماسی هەیە لەو ناوچانە، داعش هەیە لەو میحوەرانە، کاتێک حاڵەتێکی نا ئاسایی دروست دەبێت ئەو پێشمەرگانەی لە ناوچەکەن خۆیان دەخەنە حاڵەتی ئامادەباشیەوە بۆ حالەتی ئیحتیات، هەموو وەحداتی عەسکەری حەزەراتی خۆیان دەکەن و دەبێت تەواجوداتی خۆیان بسەلمێنن، خوا نەکات حاڵەتێکی لە ناکاو دروست ببێت یان داعش ئیستیغلالی ئەو دۆخە بکات."

ڕۆژی شەممە ٢ی مانگی ٩، دژی داخستنی ڕێگەی نێوان کەرکوک_هەولێر لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی و لایەنە عەرەبی تورکمانییەکانەوە، بەشێک لە دانیشتوانە کوردەکەی کەرکوک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و بارگرژی ڕوویدا، ٤ خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستداو ١٥ خۆپیشاندەری تریش برینداربوون.



PM:11:02:04/09/2023