"خزمی پەرلەمانتارێکی کۆمەڵ"ە
بەرپرسە کوردەکەی داعش لە رۆژئاوا كوژرا

چەكدارێكی كوردی ناو گروپی داعش كە خەڵكی چۆمانە لە شەڕ لەگەڵ شەڕڤانانی یەپەگە لە كۆبانی كوژرا.

لەمبارەیەوە هەڵكەوت رەفعەت، جێگری بەڕێوەبەری ئاسایشی سۆران بە (باسنیوز) راگەیاند‌ كە زانیارییان پێ‌ گەیشتووە لە ئێوارەی دوێنێ‌ شەممە چەكدارێكی داعش بەناوی ئەبو سەلمان كوردی كە خەڵكی چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێرە لە سنووری كۆبانی‌ كوژراوە.

گەیلان عوسمان، كە لەناو چەكدارانی داعش بە ئەبو سەلمان كوردی ناسراوبوو، ساڵی پار لەگەڵ خێزانەكەی و دوو كەسی تری هەمان قەزا چوونە ناو ریزەكانی گرووپی چەکداری دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە (داعش).

بەپێی سەرچاوە ئەمنییەكان ئەبو سەلمان كوردی  لەناو چەكدارانی داعش پلەیەكی باڵای هەبوو و كەسێكی چالاك بوو لە راگەیاندنی هەواڵ و چاڵاكییەكان لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، چەند مانگێكیش لەمەوبەر لەگرتەیەكی ڤیدیۆییدا هەڕەشەی لە هەرێمی كوردستان كردبوو، دوێنێش لە گوندی تەلجزیر 6 كیلۆمەتر نزیك لە كۆبانی رۆژئاوای كوردستان لەڕوبەڕوبوونەوەیەكی لەگەڵ شەرڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە كوژراوە.

ئیسماعیل عوسمان، برای ئەبو سەلمان كوردی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ئاژانسی (باسنیوز) ئەوەی دووپات كردەوە، ئەوانیش ئەم هەواڵەیان بیستووە، ئیسماعیل گووتی: ‌دوێنێ‌ ئێوارە خێزانی گەیلان پەیوەندی بە ئێمەوە كرد و هەواڵی كوژرانی هاوسەرەكەی پێڕاگەیاندین كە خۆیشی چەند وێنەیەكی تەرمەكەی گرتووە وەك بەڵگە‌.

ئیسماعیل لەسەر زاری خێزانی گەیلان دەیگێڕێتەوە كە گەیلان (ئەبوسەلمان كوردی) لە رۆژی هەینی رابردووەوە كوژراوە، بەڵام لەبەر سەختی شەڕ و پێكدادانەكان نەیانتوانیوە بگەنە لای تەرمەكەی.

ئیسماعیل زیاتر گوتی ‌براكەم هەرزەكار بوو و هەڵخەڵەتێندرا، بەبێ‌ ئاگایی ئێمەش ئەم رێگایە هەڵەیەی هەڵبژارد‌.

چەند سەرچاوەیەکی زانیاری بە باسنیوزیان راگەیاند ‌گەیلان خزمێکی نزیکی مەلا مەروان گەڵاڵی سەرۆکی لیستی کۆمەڵی ئیسلامییە لە پەرلەمانی کوردستان و هاوسەرەکەشی کچی برای مەلا مەڕوانە‌.



AM:11:34:21/09/2014