بانکى رەشید: بەبێ ئامادەبوونى گەشتیار دۆلار بە هیچ کەسێک نادرێت

وتەبێژى بانکى رەشید رایدەگەیەنێت" بەبێ ئامادەبوونی خودی گەشتیار دۆلار بە هیچ کەسێک نادەین". 

ئامال شوەیلی وتەبێژى بانکى رەشید لە عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە ٦ی ئەیلولی ٢٠٢٣ لە لێدوانێکدا بە (رووداوى) راگەیاندووە" بەپێی رێنوێنییەکانى بانکى ناوەندى عێراق هیچ بڕە دۆلارێک نادەینە گەشتیار بەبێ ئامادەبوونى خۆى لە کاتى رادەستکردنى دراوى عێراقی، بە هەمان شێوەش بڕە دۆلارەکەى پێنادرێت تاوەکو مۆرى دەرچوونى لە فڕۆکەخانە لەسەر پاسپۆرتەکەى نەدرێت". 
  
وتیشی" بەر لە دەستپێکردنى مامەڵەى کڕیارى دۆلار لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنی بانکى ناوەندى، بانکەکەمان ئاگادار دەکرێتەوە، نەک ئەوەى وەرگرتنى پارەکە لە رێگەى پاسپۆرتەکەوە بێت". 

بەپێی ڕێنماییەکانی بانکى ناوەندی عێراق، هەر گەشتیارێک بۆى هەیە لە مانگێکدا بڕى سێ هەزار بە نرخى فەرمى لە بانکە مۆڵەتپێدراوەکان بکڕنەوە، بە مەبەستى گەشتکردن بۆ دەرەوەى کە نرخەکەى (١٣١٠) دینارە بەرامبەر یەک دۆلار.


PM:10:50:06/09/2023