بۆ سەرپەرشتیکردنی دۆخی ئەمنی پارێزگاکە
دوو فەرماندەی باڵای سەربازی گەیشتنە کەرکوک

کەمێک پێش ئێستا دوو فەرماندەی باڵا گەیشتنە پارێزگای کەرکوک، بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی ڕەوشی ئەمنی لە شارەکەدا بکەن. 

لەمبارەیەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگری عێراق بە میدیاکانی ڕاگەیاند" دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە، شاندێکی ئەمنی بە سەرۆکایەتی عەبدولئەمیر یارەڵا سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق بە یاوەری فەریق قاسم محەمەد فەرماندەی هێزە زەمینییەکانی عێراق و چەند بەرپرسێکی دیکەی باڵای ئەمنی گەیشتوونەتە پارێزگای کەرکوک، بە مەبەستی سەرپەرشتیکردنی دۆخی ئەمنی شارەکە". 

ئامانجی سەردانی وەفدەکەی عێراق بۆ کەرکوک، بۆ لێکۆڵینەوەیە لە دۆخی ئەمنی پارێزگاکە، هەر لەو چێوەیەشدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی کەرکوک کۆدەبنەوە. 

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو هاوڵاتییانی کورد لە کەرکوک دژی داخستنی ڕێگەی سەرەکی (هەولێر - کەرکوک) خۆپیشاندانیان ئەنجام دا کە بەهۆیەوە چوار هاوڵاتى کوردى شارەکە گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەک هاوڵاتی دیکەش بریندار بوون. 


PM:03:38:07/09/2023