هۆشیار زێباری داوای هەڵوێست لە لەتیف رەشید دەکات

هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی داوا لە لەتیف رەشید، سەرۆک کۆمارە کوردەکە دەکات کە هەڵوێستی هەبێت بەرامبەر جێبەجێنەکردنی دەستور بەرامبەر خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
 
لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی( ئێکس ) هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت" دەسەڵاتی سەرۆک کۆماری عێراق، بەپێی دەستوور، دڵنیابوونە لە پابەندبوون بە دەستوورەوە، واتە کاتێک پێشێلکاری لە دەستوور ڕوویدا، دەبێت هەڵوێستی ڕاگەیەندراوی هەبێت لەسەریان".

لە درێژەی پۆستەکەدا زێباری بە راستەوخۆ بە لەتیف رەشید دەڵێت" سەرۆک لە کوێیە لەمەر سەرپێچیەکانی سەر مافی هاوڵاتیان و مافە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم، هاوشێوەی هاوتەکانیان و لە شایستە داراییەکانیان لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣دا؟".

ئەمڕۆ وتەبێژی حکومەتی سودانی باسم عەواد رایگەیاند " "ئەو پارەیەی لای حكومەتی هەرێمە سێ ئەوەندەی ئەو شایستە داراییانەیە كە لە بودجەدا بۆی دیاریكردووە بەپێی خەرجی فیعلی".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "حكومەتی فیدڕاڵی تەواوی پابەندییە داراییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان جێبەجێكردووە  و حكومەتی فیدڕاڵی هەوڵی زۆری داوە تا كۆتایی مانگی حوزەیران چارەسەرێك پێشكەش بكات".

باسم عەواد وتویەتی "حكومەتی هەرێم داهاتە نەوتی و نانەوتییەكانی رادەست نەكردووە وەك ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، بۆیە حكومەتی فیدڕاڵی بڕیاری داوە بە پێدانی قەرز تا ئەو كاتەی كێشەكان لە بنەڕەتەوە چارەسەر دەبن".



PM:10:04:08/09/2023