سەبارەت بە كەمبوونەوەی دەرمان روونكردنەوە دەدرێت


سەندیكای دەرمانسازانی عێراق رایدەگەیەنێت، كەمبوونەوەی دەرمان كاتییە و بەم زووانە چارەسەری قەیرانی دەرمان دەكرێت.

سەفا حسێن، وتەبێژی سەندیكای دەرمانسازی عێراق رایگەیاندووە، دوای رێكارە حكومییەكان بۆ سنوورداركردنی هێنانی دەرمانی قاچاخ و كۆپیكراو و توندكردنەوەی مەرجەكانی هاوردەكردنی دەرمان، لە ئێستادا هێنانی دەرمانی ساختە و قاچاخ قورس بووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، بۆ تێپەڕاندنی كەمی دەرمان لە بازاڕ، لە قۆناغی داهاتوو بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی تەندروستی و سەندیكای دەرمانسازان هەوڵی چارەسەركردنی قەیرانی دەرمان دەدرێت.

هەروەها وتویەتی "لە قۆناغی داهاتووی كارەكان ستیكەری نرخ بۆ دەرمانەكان زیاد دەكەین و ماددە و كۆمپانیای دروستكەری دەرمانەكە و ژمارەی گوژمەكەی لەسەر دەنوسرێت و كۆدی "كیو ئاڕ" بۆ دەرمانەكان زیاد دەكرێت تاوەكو بەكارهێنەر بتوانێت شارەزای تەواوی وردەكارییەكان بێت، بۆیە كەمی دەرمان كاتییە و بەمزووانە لە رێگەی رێكاری كارگێری و تەكنیكییەوە تێدەپەڕێندرێت".



AM:09:10:10/09/2023