حکومەتی هەرێم له‌باره‌ی موچه‌ و پشكی كورد په‌یامێكی نوێی بڵاوكرده‌وه‌

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی موچە و پشكی كورده‌وه‌ رایگه‌یاند، "لەپێناو دابینکردنی شایستە داراییەکانی هاوڵاتییان، بۆ حکومەتی هەرێم  بۆ گفتوگۆکردن و دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی ئامادەیە و لەبارەی نەوت و داهاتی ناوخۆشەوە وردەکاریی تەواوی داوەتە حکومەتی فیدراڵ".

ئەمڕۆ دووشەممە ١١ی ئەیلولی ٢٠٢٣، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، "٩٠٦ ملیار دینارمان بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێویستە و نەدەبو حکومەتی فیدراڵی ئەو بابەتە تێکەڵی هیچ بابەتێکی دیکە بکات، دەبو وەکو ناوچەکانی دیکەی عێراق کە ئێستا موچەی مانگی ئەیلول وەردەگرن، موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و ئەوانیش موچەکانیان وەرگرتبا نەوەک لە چاوەڕوانیدا بمێننەوە".

وتیشی:
 "حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن و دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی ئامادەیە و لەبارەی نەوت و داهاتی ناوخۆشەوە وردەکاریی تەواوی داوەتە حکومەتی فیدراڵی"

لەبارەی ئەو٥٠٠ ملیار دینارەی کە بۆ سێ مانگ بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی فیدڕاڵی چەندین مانگی دیکەی ئەمساڵیان لەنێو پلانەکانیان لاداوە و باسیان نەکردوە، هەروەها نەشیانوتوە بۆ ئەو چەند مانگە هەقی هەرێمی کوردستان چەند بوە.

هەرچەندە لە ئێستادا نزیک دەبینەوە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلول، بەڵام تائێستا حکومەتی هەرێمی (ماوە بۆدرێژکراوەی) کوردستان هیچ وادەیەکی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی (تەمووز و ئاب) دیارینەکردووە و دوێنێش کارمەندانی فەرمانگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوک، بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان بایکۆتی دەوامیان ڕاگەیاند. 





PM:07:56:11/09/2023