کۆبوونەوەی شاندی هەرێم لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆتاییهات و سودانیش جەخت دەکاتەوە کە گوزەرانی هاوڵاتییانی عێراق و هەرێم لە کێشە یاسایی و کارگێڕییەکان بەدوور دەگرن.
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەغداد پێشوازی لە مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی و شاندی هەرێمی کوردستان کرد، لە میانی دیدارەکەدا جەخت لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشە یاسایی و داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێم کرایەوە، بەپێی دەستوور و یاسا.
هەر لە کۆبوونەوەکە سودانی ڕایگەیاند" رێبازی حکومەتی ئێستا پشت بە پرەنسیپی کارکردن دەبەستێت بۆ دامەزراندنی سەقامگیری هەمیشەیی دوور لە ناکۆکییەکان".
جەختیشیکردەوە، حکومەت لە مامەڵەکردنی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا جدییە لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەت کاریکردووە بۆ ئەوەی کێشە یاسایی و کارگێڕییەکان کاریگەرییان لەسەر گوزەرانی هاوڵاتییانی عێراق نەبێت بە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانیشەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شاندێکی باڵای هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی گەیشتنە بەغدای پایتەخت، بە ئامانجی ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراقدا.
شاندەکەی هەرێم پێکهاتوون لە قوباد تاڵەبانی و ئاوات شێخ جەناب و ئومێد سەباح و ئامانج ڕەحیم و پێشەوا هەورامانی و ڕێبەر ئەحمەد.
سهردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغداد له كاتێكدایه، تائێستا مووچەخۆران مووچهی مانگهكانی حەوت و هەشتیان وهرنهگرتووە، دەوامی زۆرینەی خوێندنگەکان و بەشێک لە فەرمانگەکانیش بایکۆت کراون.