مەسرور بارزانی: گەشبینم بە ئەنجامی سەردانەكەمان بۆ بەغدا


مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (ماوە درێژكراوە) رایدەگەیەنێت كە گەشبینن كە سەردانەكەیان بۆ بەغدا بە ئەنجامێكی باش بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان دەگەڕێنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم (ماوە درێژكراوە) لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە شاری بەغدا رایگەیاند "رۆژی یەكشەممەی داهاتوو 17ی ئەیلول كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەنجام دەدرێت و زۆربەی ئەو بابەتانەی ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق گفتوگۆمان لەسەر كردووە، لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاری كۆتاییان لە بارەیەوە بدرێت".

مەسرور بارزانی گەشبینی خۆی بەرامبەر بە ئەنجامەكانی ئەو كۆبوونەوانە دەربڕیوە و وتویەتی "سەردانی بەغدامان كردووە بۆ ئەوەی بەرگری لە سەرجەم مافەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بە پێی دەستوور بكەین و هەموو شایستە و مافەكانی هەرێمی كوردستان دەستەبەر بكەین".

ئەمڕۆ شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە پێكهاتووە لە مەسرور بارزانی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت (ماوە درێژكراوە)، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، گەیشتە بەغدا، تەوەری سەرەكیش ناردنی بەشە بودجەی هەرێمە، چونكە حكومەتی هەرێم تائێستا مووچەی مانگەكانی 7 و 8ی دابەش نەكردووە.



PM:06:44:14/09/2023