لە ساڵیادی (ژینا ئەمینی) بەریتانیا سزای نوێ بەسەر بەرپرسانی ئێراندا دەسەپێنێت

ئەمڕۆ هەینی لە سەروبەندی یەکەمین ساڵیادی کوژرانی (ژینا ئەمینی)، حکومەتی بەریتانیا سەپاندنی سزای نوێی بەسەر ژمارەیەک بەرپرسی کۆماری ئیسلامی ئێرانی، لەوانە وەزیری ڕۆشنبیری و سەرۆکی شارەوانی تاراندا ڕاگەیاند. 

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە" سزاکان لەسەر بڕیاردەرانی دیاری ئێران کە بەرپرسن لە دامەزراندن و جێبەجێکردنی یاسای حیجابی ئیجباری لە ئێران دەسەپێندرێن". 

سزاکان بە تایبەتی کاریگەری لەسەر وەزیری ڕۆشنبیری و ئیرشادی ئیسلامی، محەمەد مێهدی ئیسماعیلی و جێگرەکەی، محەمەد هاشمی، سەرۆکی شارەوانی تاران، عەلی ڕەزا زەکانی و وتەبێژی پۆلیسی ئێران، سەعید مۆنتەزیر ئەلمەهدی، هەیە.

هەروەها لای خۆشیەوە جەیمس کلیڤەرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاندووە" ساڵێک دوای مردنی دڵتەزێنی ژینا ئەمینی لەسەر دەستی پۆلیسی ئەخلاقی ئێران، دەستخۆشی لە بوێری ژنانی ئێران دەکەم کە بەردەوامن لە خەبات بۆ ئازادییە سەرەتاییەکان". 

وتیشی" سزاکانی ئەمڕۆ بەسەر ئەو کەسانەدا سەپێنراوە کە بەرپرسن لە یاسا سەرکوتگەرەکانی ئێران، پەیامێکی ڕوون دەنێرێت کە بەریتانیا و هاوبەشەکانمان لە پاڵ ژنانی ئێراندا بەردەوام دەبن و ستەمەکانی ئێران بۆسەر گەلەکەی ئاشکرا دەکەن". 

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێوشوێنە نوێیەکان لە چوارچێوەی سزای هەماهەنگ لەلایەن (بەریتانیا، کەنەدا، ئوسترالیا و ئەمریکا)وە لە یەکەم ساڵیادی مردنی ژینا ئەمینیدا دێن.

ژینا ئەمینی لە ڕۆژی ١٦ی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو، دوای ئەوەی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە دەستگیرکرا، بەهۆی پابەندنەبوون بە پاڵاپۆشی گیانی لەدەستدا، هەواڵی مردنی ژینا ناڕەزایەتی لە سەرانسەری وڵاتدا بەدوای خۆیدا هێنا کە بۆ ماوەی چەند مانگێک بەردەوام بوو و سەدان کەسی تێدا کوژران.


PM:06:45:15/09/2023