لە سۆران، هاككەرێك دەستگیركرا


لە قەزای سۆران هاككەرێكی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیان دەستگیركرا كە ئامانجی سەرەكی دەستكەوتنی پارە بوە لەو ڕێگەیەوە.

بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای تۆماركردنی سكاڵایەك لەلایەن هاوڵاتیەكەوە لەسەر ئەوەی ئەكاونتی (فەیسبوك)ی كەسی خۆی هاك كراوە، بەهۆیەوە چەندین هەڕەشەی مەترسیداری لێكراوە، دەستبەجێ تیمەكانی نەهێشتنی تاوانی سۆران توانیان سەرە داوی هاككەرەكە دەستنیشان بكەن.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، پاشان هەوڵەكان چڕ كرانەوە لەلایەن تیمە تەكنیكیەكانی نەهێشتنی تاوانی سۆران توانرا ناسنامەی تۆمەتبار ئاشكرا بكرێت و دوێنێ 19ی مانگ دەستگیر كرا بەناوی (س، م، م)ە و لەدایكبوی 2006ە و دانیشتوی شاری سۆرانە.

هەر بەپێی ئەو راگەیەنراوە "دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵدا، تۆمەتبارەكە دانی بەتاوانەكەی نا كە ژمارەیەكی زۆر لە هەژماری هاوڵاتیانی لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان هاك كردوە، ئامانجی لەم تاوانەش بەدەستخستنی پارە بوە، لەئێستاشدا بەبریاری دادوەر راگیرا و بەپێی ماددە 2 لەیاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامیدا".



PM:12:48:20/09/2023