په‌روه‌رده‌ی هەرێم لەبارەی گواستنەوەی خوێندكاران بڕیارێکی نوێ دەرده‌كات

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" شۆفێرانی پاس و تەکسی کە گواستنەوەی منداڵانی باخچە و قوتابییان ئەنجامدەدەن، دەبێت ساڵنامەی ئۆتۆمبێل، مۆڵەتی شۆفێری (کارتی زانیاری یان نیشتمانی) پێشکەش بە کارگێڕی ناوەندەکانی خوێندن بکەن". 

بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی پەروەردە کە واژووی ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم (ماوە بۆدرێژکراوەی) له‌سه‌ره‌و ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان كراوە، تێیدا هاتووە" بەڕێوەبەری ناوەندەكانی خوێندن دەبێت تەواوی دۆكۆمێنت و زانیارییەكانی تایبەت بە شۆفێری پاس و تاكسییەكان، بدەنە بنكەی پۆلیسی سنوورەكەیان، هەر شۆفێرێكیش پابەند نەبوو بە رێنماییەكانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ و سكاڵای لەسەركرا، پاش ساغبوونەی راستییەكان، پێویستە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، داوا بكات لە لیژنەی قایمقامییەت كە رێگەی پێنەدرێت كاری گواستنەوەی خوێندكاران بكات". 

ئەوەش هاتووە" هەر رەفتارێكی دوور لە رەوشتی بەرز و دابونەریتی كۆمەڵایەتی بەرامبەر هەر خوێندكارێك ئەنجامبدرێت، جیا لە بەخێوەكەرەكانیان، وەزارەتی پەروەردە سكاڵاكار دەبێت، پێویستە نوێنەر و بریكارە یاساییەكانی وەزیری پەروەردەش لەهەر حاڵەتێكی لەو جۆرە كەمتەرخەمی نەنوێنن و راستەوخۆ داوای یاسایی تۆمار بكەن". 


PM:09:01:20/09/2023