مەسرور بارزانی: پێویستە دەستوەردانی شەخسی و حزبی لە وەزارەتی پێشمەرگە دووربخرێتەوە

سەرۆکی حکومەتی (ماوە بۆدرێژکراوەی) هەرێم ڕایدەگەیەنێت" پێویستە دەستوەردانی شەخسی و حیزبی لە وەزارەتی پێشمەرگە دوور بخرێتەوە و رێگری لە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران نەکرێت لە دانانی وەزیرێک". 
 
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢١ی ئەیلولی ٢٠٢٣ مەسرور بارزانى سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە) پێشوازی لە جۆول ڤاوڵ فەرماندەی گشتی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندێکی یاوەری کرد، تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆسه‌ی چاکسازی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و هەنگاوەکانی یه‌کخستنه‌وه‌ی هێزەکانی پێشمه‌رگه‌ و رێکخستنەوەی پێکهاتەکانی.

له‌مباره‌یه‌وه، بارزانی جەختی لە" گرنگی بەردەوامبوون و خێراکردنی پرۆسەکە و پابەندبوون بە جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەم لە بواری رێکخستن و یەکخستنی پێشمەرگە و دوورخستنەوەی وەزارەت لە هەر دەستوەردانێکی حیزبی و بەرژەوەندییەکی کەسی کردەوە". 
 
مەسرور بارزانی هەروەها ئاماژەی بەو دەنگۆیانە دا کە گوایە کێشە لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە و وتی" پێویستە دەستوەردانی شەخسی و حزبی لە وەزارەت دووربخرێتەوە و رێگری لە هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران نەکرێت لە دانانی وەزیرێک کە توانای جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی هەبێت". 
 
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" بیروڕا دەربارەی بارودۆخی سووریا و بە تایبەتی ئاڵۆزییەکانی دەڤەری دێرەزۆر و رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە ئاڵوگۆڕ کرا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی پاراستنی ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی و تەبایی نێوان کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی ناوچەکە". 


PM:05:20:21/09/2023