مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، لەسەر دانانی كاندیدی وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت كێشەیانە


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم (ماوە درێژكراوە) و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم (ماوە درێژكراوە) لەسەر دیاریكردنی كاندیدێكی یەكێتی بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت كێشەیانە، قوباد تاڵەبانی، دەیەوێت د.دارا رەشید، وەزیری پلاندانان، بكاتە وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت، مەسرور بارزانیش رەتیدەكاتەوە.

بەپێی راگەیەنراوی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران (ماوە درێژكراوە)، ئەمڕۆ ناوبراو پێشوازی لە وەفدێكی باڵای سەربازی ئەمریكا بە سەرپەرشتی ژەنەراڵ ڤۆوڵ فەرماندەی گشتیی هاوپەیمانان لە عیراق و سوریا كردووە و پرسی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و رووداوی هێرشكردنەسەر هێزەكانی دژەتیرۆر لە فڕۆكەخانەی عەربەت تاوتوێ كران.

لە بەشێكی كۆبوونەوەكەدا باسی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە كراوە و قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەداوە، بەهۆی نەبوونی وەزیری پێشمەرگەوە پڕۆسەی چاكسازی وەك پێویست بەڕێوەناچێت، هەربۆیە كاندیدێكیان بۆ وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت دەستنیشان كردووە، هیواشی خواست رێوشوێنەكانی دەستبەكاربوونی بە خێرایی تەواو بكرێت تا جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی چاكسازی لە هێزەكانی پێشمەرگەدا بكەوێتەوە سەر رێڕەوی خۆی بەو جۆرەی كە پلانی بۆ دانراوە.

هەر ئەمڕۆش ئەو بەرپرسە ئەمەریكییە سەردانی مەسرور بارزانی كردووە و بەپێی راگەیەنراوی سەرۆكی حكومەت (ماوە درێژكراوە) مەسرور بارزانی رایگەیاندووە "پێویستە دەستوەردانی شەخسی و حزبی لە وەزارەت دوور بخرێتەوە و رێگری لە هەوڵەكانی سەرۆكوەزیران نەكرێت لە دانانی وەزیرێك كە توانای جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەتی هەبێت".

بەپێی زانیارییەكان، مەسرور بارزانی پێی باشە یەكێتی نیشتمانی كوردستان حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان بكاتە وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت.



PM:07:38:21/09/2023