تۆماركردنی یەكەمین بانكی نیشتمان لە هەرێمی كوردستان راگەیەنرا كە بانكێكی فەرمی حكومەتی هەرێمە و ڕاستەوخۆ بەبانكی ناوەندی عێراقی فیدڕاڵەوە دەبەسترێتەوە و مووچەی فەرمانبەران لێ دابەش دەكرێت.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، رۆژی چوارشەممە 20ی ئەیلول لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری كۆمپانیاكانی سەر بەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی یەكەمین كۆمپانیای بانكی نیشتمانی كوردستان تۆمار كرا بەناوی (بانكی نیشتمان) كە بانكێكی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و ڕاستەوخۆ بەبانكی ناوەندی عێراقی فیدڕاڵەوە دەبەسترێتەوە".
وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بەوەكردووە، تایبەمەندییەكانی ئەم بانكە و ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشكەشی دەكات بە هەمان شێوەی بانكی ناوەندی دەبێت وەك بوونی سەكۆیەكی ئەلیكترۆنی بۆ ئاڵوگۆڕی دراوەكان كە بازرگانان و هاوڵاتیان ئەتوانن لێی سودمەند بن.
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە "ڕاستەوخۆ مانگانە بەشە بودجەی هەرێم و موچەی فەرمانبەران دەگوازرێتەوە ئەم بانكە و فەرمانبەران دەتوانن لەڕێی ئەم بانكەوە مووچەكانیان بەدەست بگات".
هەروەها دەڵێت "وەك بانكێكی فەڕمی گشتگیری حكومەت مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و جیاواز لە بانكە حكومیەكانی تر خزمەتگوزاریەكانی لە بواری جیاوازی بانكیدا پێشكەش دەكات و تەنها هەڵگرتنی پارە نییە".
وەزارەتی بازرگانی روونیكردۆتەوە "ڕێكارەكانی دامەزراندنی ئەم بانكە لە هەرێمی كوردستان تەواوبووە و ئەوەی ماوەتەوە هەندێ ڕێكاری ڕۆتینییە لەگەڵ بانكی ناوەندی و لەئایندەیەكی نزیكدا تەواو دەكرێ".