مامۆستایانی ناڕازی بانگەوازی خۆپیشاندانی سەرتاسەرییان ڕاگەیاند و بڕیارە ڕۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو دەست بە خۆپیشاندان بکەنەوە.
مامۆستایانی ناڕازی لە بانگەوازێکدا ئەمشەو چوارشەممە بڵاویانکردەوە" بڕیارمانداوە بەهۆی بەردەوامی و بێباکی بەرپرسانی ئەم هەرێمە لە برسیکردن و شکۆشکاندن و دەستخستنەگەرووی خۆشگوزەرانی و مافەکانمان ڕۆژی یەکشەممە ١/ ١٠/ ٢٠٢٣ دەست بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی بكەین".
ئەوەش هاتووە" دوای ڕاوێژ لەگەڵ دەستە و گروپە ناڕازییەکانی تر و مامۆستایانی ناڕازی سەرجەم شار و شارۆچکەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا کات و شوێنی خۆپیشاندانی سەرجەم شار و شارۆچکەکان بڵاودەکەینەوە".
بانگەواز بۆ خۆپیشاندان:
بەڕێزان:
– مامۆستایانی میلاک و وانەبێژان
– مامۆستایانی ئایینی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان
– فەرمانبەرانی کەرتە جیاوازەکان
– پزیشکان و کارمەندان و خۆبەخشانی تەندروستی
– گەنجانی دانەمەزراو و بێکار
– خوێندکاران و کەسوکاریان و کاسبکاران و خاوەن پێداویستی تایبەت
لەژێر دروشمی ئەم دێڕە پڕ داناییەی (مەحوی)دا کە دەفەرموێت:
(سەر کە جۆشێکی نەبێ، من زرکە تاڵم بۆ چیە!
دڵ کە هۆشێکی نەبێ شیشەی بەتاڵم بۆ چیە!)
#بڕیارمانداوە بەهۆی بەردەوامیی و بێباکی بەرپرسانی ئەم هەرێمە لە برسیکردن و شکۆشکاندن و دەستخستنەگەرووی خۆشگوزەرانی و مافەکانمان.
#ڕۆژی_یەکشەممە ١/ ١٠/ ٢٠٢٣
دوای ڕاوێژ لەگەڵ دەستەو گروپە ناڕازییەکانی تر و مامۆستایانی ناڕازی سەرجەم شارو شاڕۆچکەکان
لە ڕۆژانی داهاتو کات و شوێنی خۆپیشاندانی سەرجەم شاروشارۆچکەکان بڵاو دەکەینەوە
لێرەشەوە داوا لە هەموو لایەکتان دەکەین، بەسە چیتر ئەم هەموو بێڕێزی و چەوسانەوە و ستەمکارییە قبووڵ مەکەن و وەک ئەرکێکی ئاینی و مرۆڤایەتی و ویژدانی و ئەخلاقیی، دژ بەم جەلاد و دز و ستەمکارانە، هەڵوێستی مەردانە بنوێنن و بڕژێنە سەرشەقام و دەنگی (نـــــــــا) بکێشن بە تەوێڵیاندا.
لە یادمان نەچێت بێدەنگی و ملکەچی و بێهەڵوێستی، ژیان و دۆخمان لەمەی کە هەیه خراپتری دەکات.