بەرپرسێكی حكومەت لە دیوانیە تاوانبارە بە دزینی نزیكەی دوو ملیار دینار

بەرپرسێكی حكومەت لە پارێزگای دیوانیەی باشووری عیراق، بە تاوانی دزینی نزیكەی دوو ملیار دینار، سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا دەسەپێندرێت.

دەستەی دەستپاكیی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، سەرەتای ئەمساڵ لێكۆڵینەوە لە گەندەڵییە داراییەكانی بانكی خانووبەرەی پارێزگای دیوانیە كراو چەند بەرپرس و فەرمانبەرێكی بانكەكە بە تۆمەتی تێوەگلان لەو گەندەڵییانە دەستگیركران، كە بەرپرسی خەزێنەی بانكەكە یەكێك بوو لە تۆمەتبارەكان.دادگای تاوانەكانی دیوانیە سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ بەرپرسی خەزێنەی بانكی خانووبەرەی ئەو پارێزگایە دەركردووە بەتاوانی دزینی یەك ملیارو٨٠٠ ملیۆن دینار.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، دوای چەندین مانگ لە لێكۆڵینەوەی بەردەوام، لیژنەی لێكۆڵینەوە بۆی دەركەوت كە بەرپرسی خەزێنەی بانكی خانووبەرەی دیوانە، تۆمەتباری سەرەكیی گەندەڵییە داراییەكانەو دزینی یەك ملیارو ٨٠٠ ملیۆن دیناری بەسەردا ساغبووەوە.

دادگای تاوانەكانی دیوانیە، جگە لە سەپاندنی سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر ئەو بەرپرسەی بانكی خانوبەرەی پارێزگاكە، لەسەریشی سەپاند كە دەبێ پارە دزراوەكان بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی بانك.

لەماوەی رابردوودا، دەیان بەرپرسی حكومی لە عیراق بە تاوانی تێوەگلان لە گەندەڵی دارایی و كارگێڕی، لەلایەن دادگاكانەوە سزای زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە.


PM:07:56:29/09/2023