وەزیری ناوخۆی عێراق: سبەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی روداوەکەی حەمدانییە ئاشکرا دەکەین

وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، "سبەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی روداوەکەی حەمدانییە ئاشکرا دەکەین، و خاوەنی هۆڵەکە مۆڵەتی وەرنەگرتوە ."

ئەمڕۆ هەینی ٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٣، عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند، "سبەی شەممە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە روداوی ئاگرکەوتنەوەکەی هۆڵی هەیسەم لە قەزای حەمدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا بڵاودەکەنەوە."

 کازم بورهان بریکاری تەکنیکی وەزارەتی ناوخۆ و سەرپەرشتیاری کاروباری لێژنەی لێکۆڵینەوەی روداوەکە ئاماژەی بەوەکرد، لایەنە تەکنیکی و بابەتییەکانی لێکۆڵینەوەی روداوەکەی حەمدانییە تەواوبوە، بەم نزیکانە دۆسیەکە کۆتایی پێدەهێنن و بۆ وەزارەتی ناوخۆی بەرزدەکەنەوە.

ئەوەشی خستەڕو، وەک وەزیری ناوخۆ وتی بەم زوانە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بڵاودەکەینەوە، دڵنیاییش دەدەنە هاوڵاتیان کە دۆخی ئەمجارە جیاوازە لە حاڵەتەکانی دیکە و چەندین بڕیار و رێکاری  گرنگ دەگرنە بەر.

وتیشی:"هۆڵی هەیسەم لە ساڵی ٢٠١٣ بنیادنراوە و خاوەنەکەی مۆڵەتی بۆ وەرنەگرتوە، لە بنیادنانیشیدا زیادەڕەویی هەیە لە روی یەکەی ئیداری و زەوی کشتوکاڵییەوە".

درەنگانێکی شەوی سێشەممەی ڕابردوو، ئاگرێکی گەورە لەناو هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە قەزای حەمدانییەی سەر بە پارێزگای نەینەوا کەوتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە (١٠٠) کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٥٠ کەسی دیکەش برینداربوون کە تەندروستی ھەندێکیان تا ئێستا ناجێگیرە بۆ چارەسەرکردن رەوانەی دەرەوەی وڵات کراون.



PM:10:26:29/09/2023