خەزعەلی بەڵێنێك بە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دەدات


قەیس خەزعەلی، سكرتێری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق كە گروپێكی سەر بەحەشدی شەعبییە، بەڵێنی بە نوێنەری ژمارەیەك لە مامۆستایان و فەرمانبەری ناڕازی داوە، لەمەودوا مووچەكانیان دواناكەوێت.

ئەمڕۆ دڵشاد میرانی، نوێنەری دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممەی رابردوو سەردانی بەغدایان كردووە بۆ بینینی قەیس خەزعەلی، لە میانی سەردانەكەدا كێشەكانی مامۆستایان، وانەبێژان، فەرمانبەران و خانەنشینان بە وردی خرانەڕوو.

میرانی روونیكردەوە، لە دیدارەكەدا خەزعەلی بەڵێنی داوە چیتر ڕێگە نادەن مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوابكەوێت و دەبنە بەرگریكاری فەرمانبەرانی هەرێم.

دڵشاد میرانی ئاماژەی بەوەكرد، كە خواستی فەرمانبەران و دابەشكردنی مووچەكانیان لەلایەن بەغداوە بە كارتی بانكی باسكرا، بۆ ئەو مەبەستەش فۆرمی ئەلیكترۆنی كۆكردنەوەی واژۆان كارا كردووە تا بتوانین جگە ٦٠ هەزار واژۆیەی بۆ گواستنەوەی ڕاژەی مووچەی فەرمانبەران كۆیانكردبووەوە، ژمارەكە بگەیەنینە سەروو ٢٠٠ هەزار واژوو.



PM:02:24:30/09/2023