پەكەكە بەرپرسیارێتی هێرشەكەی ئەمڕۆی شاری ئەنقەرەی لە ئەستۆ گرت


نەپەگە رایدەگەیەنێت "ئەمڕۆ تیمێكی سەر بە تابوری نەمرانمان دژی بنكەی وەزارەتی ناوخۆی توركیا چالاكی فیداكاریی ئەنجامدا".

فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) كە سەر بە پەكەكەیە، لە روونكردنەوەیكدا رایگەیاندووە "ئەم چالاكییە بەتایبەت لە ڕۆژی كردنەوەی پەرلەمان و لە شوێنێكی نزیك پەرلەمان، دژی ناوەندی كۆمەڵكوژكەر و ئەشكەنجەدەر ئەنجامدرا، وەك ئەوەی پلانی بۆ دانرابوو، بەبێ ئاستەنگ، بەڕێوەچوو".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "ئەم كارە فیداكارییە گەیشتە ئامانجی خۆی كە هاوڕێ چالاكوانەكانمان بۆ بەجێگەیاندنی فەرمانەكە گەیشتنە ئەوێ و بە سەركەوتوویی ئەنجامیاندا. بەڵام وەك هەمیشە ئاكەپە – مەهەپە بە بێ ڕێزییەكی زۆر بەرامبەر گەل و ڕای گشتی ئەنجامی ڕاستەقینەی چالاكییەكە دەشارێتەوە".

نەپەگە وتویەتی "ئەوە گەیاندنی پەیامێكی پێویست و هۆشیاركردنەوەی شوێنە پەیوەندیدارەكان بوو، ئەم چالاكییە هۆشدارییەكە لە كۆمەڵكوژی و فشاری فاشیستی بە پشتگوێخستنی یاسا نەتەوەیی و نێونەتەوەییەكان و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ، كردەی نامرۆڤانە و سیاسەتی گۆشەگیری كە لە هەموو زیندانەكانی توركیا و كوردستان پەرەی پێدراوە، بەكارهێنانی چەكی كیمیایی دژی گەریلاكانمان كە بەپێی یاسای گەردوونی قەدەغەكراوە، دژی تاڵانكردنی سروشتی كوردستان و كۆمەڵكوژی و فشاری فاشیستیانەی سەر گەلی كوردستان و هەموو ناوەندە دیموكراتیكییەكان، بۆیە چالاكییەكی ڕەوای خۆپاراستنە".

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە لەشاری ئەنقەرەی پایتەختی توركیا لە نزیك وەزارەتی ناوخۆ تەقینەوەیەك روویدا، دواتر عەلی یەریلكایا، وەزیری ناوخۆی توركیا رایگەیاند "دوو كەس بە ئۆتۆمبێلێكەوە هێرشەكەیان كردووە و یەكێكیان خۆی تەقاندووەتەوە، ئەوەی دیكەش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كوژراوە. لە ئەنجامی ئەو هێرشەشدا دوو پۆلیس بە سووكی بریندار بوون."  



PM:08:22:01/10/2023