نەزهەت حالی: ناردنی موچە راستەوخۆ لە بەغداوە لە بەرژەوەندی هەرێم نییە

بەرپرسی پێشووی دەزگای پارستنی( پارتی) دەڵێت" داوا کردنی ناردنی موچەی موچە خۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ، کە لەلایەن چوار فڕاکسیۆنی کوردی لە بەغدا لەگەڵ هەندێ پەڕلەمانتاری عەرەب ئاراستەی سەرۆکایەتی پەڕلەمانی عێڕاقی فیدڕال کراوە، لە ڕووی سیاسی و دەسەڵاتی ئیدارییەوە بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستاندا نییە".

نەزهەت حالی بەرپرسی پێشووی دەزگای پاراستنی پارتی رایگەیاند"رۆژ لە دوای رۆژ ئەم کیانە سیاسییە کوردییە ،لە بەر ناتەبایی ناوخۆیی و ناکارامەی سیاسی و بە دەستی خۆمان بەرەو پوکانەوەی یەکجارەکی دەبردرێت و تا کاتێک گوێ لە یەکتر نەگرین هەرێمی کوردستان بەرەو ئاقارێکی خراپتر دەروات".
 
هەروەها وتی" پێ دەچێت ناتەبایی سیاسی ناوخۆیی کاریگەری زۆری هەبوو بێت لەسەر ئەو داوایە. زۆر کەس هەوڵی ئاگادارکردنەوەی ئەم سەرکردایەتیەی کوردیان داوە بەڵام گوێگر نەبوون تا بتوانن گرێکەرەوە بن".

 ئاماژەی بەوەش داوە کەسایەتیە هەرە باڵای حزبە سیاسییەکان ، گەر لەگەڵ سەرۆکی هەرێم وەکو باڵاترین دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری لە هەرێم و لەگەڵ حکومەت بە دوور لە بیری تۆڵە کردنەوە، پێکەوە لە هەولێر ڕێگایەک نەدۆزنەوە ، نەخشە ڕێگایەکی سیاسی هاوبەش دیاری نەکەن و پێکەوە شان نەدەنە بەر ئەرکی گرنگ و قورسی پارێزگاری کردن لە هەرێم و مافی هاووڵاتیانی، ئەوانن کە دەبنە هۆکاری ئەوەی ڕۆژانی خراپتر کە ڕوبەڕووی هەرێم و گەلەکەی ببێتەوە.

 لە دوای سەندنەوەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ٢٥ی ئازاری ساڵی ٢٠٢٣وە رۆژبەرۆژ هەرێمی کوردستان بەرەو لاوازی دەچێت و دەزگا هەڵبژێردراوەکان شەرعییەت لەدەست دەدەن، دوا رووداوێش هەموو فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا جگە لە پارتی داوا دەکەن بەغدا راستەوخۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم دابەش بکات.


AM:10:40:04/10/2023