ئەمەریكا خستنەخوارەوەی درۆنێكی توركی لە حەسەكە پشتڕاستكردەوە


وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا رایدەگەیەنێت، خستنە خوارەوەی درۆنێكی توركیا لە حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان بۆ خۆپارێزی بووە.

پات رایدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا - پێنتاگۆن لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هێزەكانی ئەمریكا تێبینییان كردبوو كە سەرلەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، درۆنەكانی توركیا لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا چەند هێرشێكیان كردووە و بەشێكیان لە سنووری ناوچەی قەدەغەكراودا بوون لە نزیك حەسەكە، كە نزیكەی كیلۆمەترێك لە سەربازانی ئەمریكییەوە دوور بوون. 
 
رایدەر روونیكردۆتەوە، چەند كاتژمێرێك دواتر، درۆنێكی توركی گەڕاوەتەوە و بەرەو ناوچە قەدەغەكراوەكە رۆیشتووە كە نابێت فڕۆكە و درۆن بەسەریدا بفڕن. 
 
هەروەها وتویەتی "بە خەمڵاندنی فەرماندە ئەمریكییەكان، ئەو درۆنە توركییە كە بۆ مەودای كەمتر لە نیو كیلۆمەتر لە هێزەكانی ئەمریكاوە نزیك ببووەوە، هەڕەشەیەكی چاوەڕوانكراو بووە و لە ئەنجامدا فڕۆكە ئێف شازدە شەڕكەرەكان وەك خۆپارێزییەك درۆنەكەیان خستەخوارەوە."



PM:11:54:05/10/2023