لە قەزای چۆمان و مێرگەسوور چوار بەڕێوەبەری نوێی ناحیە دەست بەکاربوون

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" لە سنووری هەردوو قەزای چۆمان و مێرگەسوور لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چوار بەڕێوەبەری نوێی ناحیە دەست بەکار بوون". 

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە) لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" بە ئامادەبوونی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و د.هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و هەریەک لە قائیمقامەکانی قەزاکانی چۆمان و مێرگەسۆر، ڕێورەسمی دەستبەکاربوونی (محەمەد مەحمود سەلیم) لە پۆستی ‎بەڕێوەبەری ناحیەی گەڵاڵە و (عەبدولڕەحمان رەسول ئەنوەر) لە پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی ‎قەسرێ لە قەزای چۆمان و (هەژار جەوهەر) لە پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی پیران و (فەرەیدون فواد میرخان) لە پۆستی ‎بەڕێوەبەری ناحیەی شیروان مەزن لە قەزای مێرگەسوور بەڕێوەچوو". 

ئەوەش هاتووەە" دوای خوێندنەوەی فەرمانی دەست بەرکابوونیان، بەڕێوەبەرانی ناحیە لە بەردەم وەزیری ناوخۆ سوێندی یاساییان خوارد کە بەو پەڕی دڵسۆزی و دەستپاکی و لێهاتووی و بێلایەنی خزمەتی کوردستان و هاوڵاتیانی سنوورەکەیان بکەن". 


PM:05:40:06/10/2023