"کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی عێراقەوە بڕیاری گرتنی بۆ ٢٢ سەرکردە و فەرماندەکانمان دەرکردووە"

سەرچاوەیەکی نزیک لە حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێران فشاری خستووەتە سەر حکومەتی عێراق، تا بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک لە سەرکردەی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران دەربکات."

ئەمڕۆ شەممە ٧ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، سەرچاوەیەکی نزیک لە حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" زانیاریمان بەدەستگەیشتووە، عێراق بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکردووین، لەکاتێکدا ئێمە لەبەر خاتری هەرێم و بیانوونەدان بەدەست ئێرانەوە، هیچ نەما نەیکەین، وەفدی ئەمنی ئێران، کاتێک قسەیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کردووە، نموونەی بە ئامانج کردنی سەرکردەکانی پەکەکەیان لەلایەن تورکیاوە هێناوەتەوە، گوایە ئەوانیش مافی خۆیانە سەرکردەی حزبە کوردییەکان بە ئامانج بگرن."

ئێران داوای ڕادەستکردنی نزیکەی ٢٢ کەسی لە سەرکردەو فەرماندەکانی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەی کردووە، بەشێک لەو سەرکردانە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، بەڵام بەشێکی تریان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمن و شوێنی مانەوەیان نادیارە، سەرجەم ئەو سەرکردانەی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران کە لەلایەن ئەو وڵاتەوە داواکراون، ڕێوشوێنی توندیان بۆ پاراستنی خۆیان گرتووەتە بەرو شوێنی بەشێکی زۆریان نادیارە.

ئەمجەد پەناهی، سەرکردەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، لەبارەی داواکاری ئێران بۆ ڕادەستکردنی سەرکردەکانیان و دەرچوونی بڕیاری دەستگیرکردن بۆیان لەلایەن عێراقەوە، ڕایگەیاند،"ئێمە خۆمان دەپارێزین، لەپەنای گەلی خۆمانداین و هیچ ترسێکمان بۆ دەستگیرکردن و ڕادەستکردن نییە."

ئەمجەد پەناهی، دەڵێت، "ئەوەی پێویستبوو ئەنجامماندا،هیچ شتێک نەماوە ئەنجامی بدەین، تا بیانوو بەدەست ئێرانەوە نەمێنێت بۆ دژایەتیکردنی هەرێم، هەرچەندە دڵنیایین ئێمەش نەبین، ئێران بیانووی تر دەدۆزێتەوە."

ئێران ڕۆژی ١٩ ی ئەیلولی وەکو دوا وادە بۆ چەککردن و داخستنی بارەگای حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی دانابوو، بەڵام پێش ئەو وادەیە لەلایەن عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، هێزە کوردییەکان لە ناوچە سنورییەکان کشێنرانەوە، هێزەکانیشیان لە کەمپەکانی زرگوێز و کۆیەو ناوچەکانی تر "چەککران".


PM:08:10:07/10/2023