بەرپرسێکی پارتی: ئەوانەی لە كوردستان پشتگیری حەماس دەكەن، پێشتر پشتگیری داعشیان دەکرد

کادری دیاری پارتی، سەرۆ قادر رایگەیاند "ئەوانەی ئێستا لە كوردستان پشتگیری حەماس دەكەن، ئەوانە پێشتریش پشتگیرییان لە داعش و ئەنساروئیسلام دەكرد و بەشێك بوون لە ئەنساروئیسلام كە پاشماوەی قاعیدە بوون".

بەڕێوەبەری ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان سەرۆ قادر لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی ڕادیۆی دەنگی ئەمەریكا لەسەر شەڕی ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس دەڵێت" ئەوەی شەممە ڕوویدا کارەساتی شنگالی بەبیر ئێمە هێنایەوە، ئەو دروشم و دەموچاو داپۆشین و گرتن و کوشتنی خەڵک و دانانی مناڵ لەناو قەفەز بۆ فرۆشتن ڕێک ڕەفتارەکانی داعش بوو لە شنگال کە لە سەرەتای مانگی ئابی ٢٠١٤ لە شنگال ئەنجامییان دا. کورد هەمیشە دۆستی فەلەستینییەکان بووە بەس مەبەستم چەکدارانی حەماس نا، لە هەمان کاتدا لەگەڵ جووەکانیش ڕابردوویەکی پرشنگدارمان هەیە لە پاراستنییان، نابێت شەرم لەوە بکەین، بەڵام ئەوەی ڕۆژی شەممە ئەوە ڕەفتارێک نییە کە میللەتێک بەرامبەر بە داگیرکەرەکەی تێبکۆشێت بۆ ئازادی".

سەرۆ قادر هەروەها دەڵێت: "ئەوەی لە غەززە دەگوزەرێت ئێستا وەک ئەو کاتەی چەکدارانی ئەنساروئیسلام وایە کە ماوەیەک لە چەند ناوچەیەکی هەرێم حوکمیان دەکرد، وەک داعش وان کە بەشێک لە دەشتی نەینەوایان لە ژێر دەستی داعش بوو".

هەروەها وتیشی" کورد نەببێتە داعشی واتە حەماسی و پشتگیری بکات، وە نەببێتە لایەنگری ئیسرائیل، بە هیچ شێوەیەکیش ڕەوا نییە کە بریسکەی سمێڵمان بێت کە یەهودی و ئیسرائیلی دەکوژرێت، وە دەوڵەتی ئیسرائیلی هیچ کاتێک زیانی بۆ کورد نەبووە، من وەک هیچ لایەنێکیش قسە ناکەم، من بەڕێوەبەری ئەنستیتۆم، و دەبێت سیاسییەکانیش هیچ هەنگاوێک دژی کورد نەنێن، و ئەوەندە عاقڵ بین تێبگەین، دەبێت بۆ مانەوەی خۆمان لەگەڵ بۆچوونی ئاشتەوایی و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکا و ئەوروپا بین".

هەرێمی کوردستانیش وەک زۆر شوێنیتری ناوچەکە بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و فەلەستینییەکانەوە لایەنە سیاسییەکان بوون بە دوو بەشەوە، بەشێکیان بەرگری لە ئیسرائیل دەکەن و بەشەکەیتریشیان بەرگری لە فەلەستینیەکان دەکەن لە هەرێمی کوردستانیشدا یەکگرتوو و بزووتنەوە و کۆمەڵ داکۆکی لە فەلەستینییەکان دەکەن. 



PM:12:24:10/10/2023