كۆمسیۆن بۆ جیاكردنەوەی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رێگەی نوێ دەگرێتەبەر


بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پشت بە هەردوو شێوازی دەنگدانی ئەلیكترۆنی و دەستی، دەبەسترێت و ئەگەر هاوتا نەبوون دووبارە جیاكردنەوە و ژماردنەوەی دەستی بۆ دەنگەكان دەكرێت.

جومانە غولای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە میدیای نزیك لە پارتی راگەیاندوە، بۆ گەرەنتی بێگەردی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەنجوومەنی كۆمسیاران بڕیاریدا جیاكردنەوە و ژماردنی دەستی دەنگەكان لە سەرجەم  وێستگەكانی دەنگدان بكرێت، لە دوای كۆتایی هاتنی جیاكردنەوە و ژماردنی دەنگەكان بەشێوەی ئەلیكترۆنی، ئەمەش بەمەبەستی بەراوردكردنی هەردوو ئەنجامەكە.
 
غولای روونیكردۆتەوە "ئەگەر ئەنجامی جیاكردنەوە و ژماردنی دەستی و ئەلیكترۆنی هاوتان بوون، پشت بە ئەنجامە ئەلیكترۆنیەكە دەبەسترێت، بەڵام  ئەگەر ئەنجامەكان بە رێژەی كەمتر لە 5%  وەك یەك نەبوون ئەوكات پشت بە ئەنجامی ژماردنی دەستی دەبەسترێت، بەڵام ئەگەر رێژەی ناهاوتانەبوونەكە زیاتر بوو لە 5%ی تێكڕای كارتە دروستەكانی دەنگدان، ئەوكات دەنگەكانی ئەو وێستگەیە دەگوێزرێتەوە بۆ ناوەندی وردبینی ناوەندی پارێزگاكە بە مەبەستی دووبارە جیاكردنەوە و ژماردنەوەی دەنگەكان بەشێوەی دەستی و كۆمیسیۆن پشت بە ئەنجامی ئەو ژماردنەوەیە دەبەستێت."



PM:09:03:11/10/2023