وادەی دەستپێکردنی دەوامی خوێندنی باڵا لە زانکۆکانی هەرێم دوادەخرێت

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم وادەی دەستپێکردنی دەوامی خوێندنی باڵای (دیپلۆم و ماستەر و دکتۆرای) بۆ ٢٥ی ئەم مانگە دواخست.

خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم ئەمڕۆ پێنج شەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لەپێناو بەرژەوەندی گشتىی پێشکەشکارانى خوێندنى باڵا و بۆ تەواوکردنى رێکارەکانى خۆتۆمارکردن و وەرگرتنى مۆڵەتى خوێندن لە وەزارەتەکان، ھەروەھا بەھۆی دەرچوونی رێنمایی نوێی ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠٢٣ تایبەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، تاوەکو ئەوانەی سوودمەند دەبن لە رێنماییەکە، بتوانن رێکارەکانی خۆتۆمارکردن و وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندن ئەنجام بدەن، دەستپێکردن بە خوێندنی باڵا دیپلۆمی باڵاى یەک ساڵەى ئەکادیمى و دیپلۆمى باڵاى دوو ساڵەى کلینیکى پزیشکى و ماستەر و دکتۆرا لە گشت زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان دواخرا". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژی چوارشەممە ٢٥ی تشرینی یەکەم یەکەم رۆژی دەستپێکردنی خوێندنی باڵا دەبێت. 

بڕیارەکەی خوێندنی باڵا لە کاتێکدایە، دوێنێ ئەنجوومەنی زانکۆى سلێمانى لەبارەی دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن، پشتیوانی خۆیان بۆ ماف و داخوازییه‌كانی خوێندكاران و مامۆستایان دووپاتکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد کە هیچ وادەیەکیان بۆ دەستپێکردنى ساڵى نوێی خوێندن دیارینەکردوە. 


PM:02:06:12/10/2023