ئێران و گروپە چەکدارەکانی عێراق بۆ هاوکاری حەماس کۆبوونەوە

کۆماری ئیسڵامی داوا لە بەشێک لە گروپە چەکدارەکانی عێراق دەکات کە بۆ هاوکاری حەماس و ئەگەری هەرجۆرە پێکدادانێک ئامادە بن.

دوو سەرچاوەی نزیک لە گروپە عێراقییەکان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرێن  بە کەناڵی ڕادیۆ فەردایان راگەیاندووە" لە ٨ تشرینی یەکەم، ڕۆژێک دوای هێرشە گەورەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران و سەرۆکی هەندێک لە گروپە عێراقییەکان کە لەلایەن تارانەوە پشتیوانی دەکرێن کۆبوونەوەیەک لە بەغدا بەڕێوەچوو".

بەگوێرەی سەرچاوەکانی رادیۆ فەردا، لە لایەنی ئێرانی محەمەد کازم ئەلسەدیق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق، محەمەد ڕەزا فەلەهزادە، جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران و هەروەها سەربازی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق ئامادەبوون و لە لایەنی عێراقیەوە سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق نوری مالیکی و فەرماندەکانی ژمارەیەک لە میلیشیاکان کە لەلایەن تارانەوە پشتیوانی دەکرێن، لەوانە کەتائیب حیزبوڵا بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.

بە پیێ زانیارییەکانی رادیۆ فەردا لە کۆبوونەوەکەدا رایانگەیاندووە" بەرپرسانی ئێران داوایان کردووە کە لە سەرەتادا پڕوپاگەندەی ڕاگەیاندن لە عێراق دژ بە ئیسرائیل و پشتیوانیکردنی حەماس چڕتر بکەنەوە و لە قۆناغی دووەمیشدا دەبێت ژمارەیەک ناوەند هەبێت بۆ تۆمارکردنی خۆبەخشان بۆ شەڕ دژی ئیسرائیل".

هەروەها وتیشی" بەرپرسانی ئێرانی لە کۆبوونەوەکەدا داوایان کرد گروپە چەکدارەکانی عێراق ئامادە بکرێن، بەڵام سووربوون لەسەر ئەوەی ئاگاداری ئەوە بن کە هەنگاو نەگرن تا ئەو کاتەی فەرمانەکە دەردەچێت و داوا لە بەرپرسانی میلیشیاکانی عێراق کراوە مووشەکی مەودا مامناوەند لە ژمارەیەک شاردا دابنێن و بە نهێنی ڕێگای سنووری سوریا لە پارێزگای ئەنبارەوە بۆ هەر جوڵەیەکی شیاو ئامادە بکەن".

ئەمە دوای ئەوە دێت کە بەرەبەیانی شەممە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ حەماس لە رێگای ئاسمان و دەریاو و زەوی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و هەزاران مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و دواتر ئیسرائیل وەڵامی فەلەستینی دایەوە شەڕەکە تا ئێستاش بەردەوامە و کاردانەوەی دەوڵەتانی جیهانی لێکەوتەوە.

 

 


 

 

 

 

 




PM:08:47:13/10/2023